Mustafa Melih Ahıshalı
05 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 05 کانوونی یەکەم 2022
ئیستانبوڵ- AA
داواکاری گشتی ئێران، محەمەد جەعفەر مونتەزەری، دەربارەی رەخنەکانی تایبەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران کە زیاتر لە دوو مانگە بەردەوامن، داخستنی "پۆلیسی ئەخلاق"ی راگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران (ISNA) هەواڵی ئەوەی بڵاوکردەووە کە مونتەزەری لە میانی کۆبوونەوەیەکدا داخستنی "پۆلیسی ئەخلاق"ی راگەیاندووە کە لە ئێران بە "گەشتی ئیرشاد" ناسراوە.
ناوبراو، لە گوتەکانیدا باسی لە هەموو رەهەندەکانی خۆپیشاندانەکان کردووە و لە وەڵامی پرسیارێکیشدا لە بارەی "پۆلیسی ئەخلاق" رایگەیاندووە: "پۆلیسی ئەخلاق هیچ پەیوەندییەکی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نییە. پۆلیسی ئەخلاق، لە رابردوودا لە کوێدا بنیاتنرا هەر لەوێشدا داخرا".
محمەد جەعفەر مونتەزەری، خۆپیشاندانەکانی وڵاتەکەشی بە "جەنگی هێزە بیانییەکان" وەسف کرد و ئاماژەی بەوەشدا کە لە بەرامبەر جەنگێکی گەورەتر لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران دان.
گوتووشییەتی: "جەنگی هێزە بیانییەکان لە ئاستێکدایە کە ناتواندرێت بە جەنگی عێراق-ئێران، بەراورد بکرێت، چەندین رەهەندی زۆری وەک سیاسەت، بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و ناڕاست، هێرشی ئەلیکترۆنی، جەنگی دبلۆماسی و کلتووری، تێکدانی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکە، نانەوەی دووبەرەکی لە نێوان کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکاندا و قورسکردنی سزا ئابوورییەکان، لەخۆدەگرێت".
داواکاری گشتی ئێران، ئاماژەی بەوەشداوە کە سوورن لەسەر لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی "بزاوتی یاخیبوون"، هەروەها ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکانی بە بەرپرسیار لە بەرەوپێشچوونەکانی دژ بە ئێران، وەسف کرد.
تا ئێستاش دەزگا ئەمنییەکان، دەربارەی لێدوانەکانی مونتەزەری، هیچ روونکردنەوەیەکیان نەخستووەتەڕوو.
"گەشتی ئیرشاد" بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٦ و لە قۆناغی سەرۆکایەتی، مەحموود ئەحمەدی نەژاددا لە ئێران دامەزرا، لە سەرەتادا کاری هۆشداریدان بوو بەو ئافرەتانەی جلوبەرگی "نەشیاو لەگەڵ بنەماکانی ئایینی ئیسلام" لەبەردەکەن، بەڵام دواتر دەستیکرد بە دەستبەسەرکردنی ئەمجۆرە ئافرەتانە.
رۆژی ١٣ی ئەیلوولیش، بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" لە شاری تاران، مەهسا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن "گەشتی ئیرشاد"ەوە دەستبەسەر کرا و دوای دەستبەسەرکردنی لە ١٦ی ئەیلوولدا گیانی لەدەستدا، ئەم رووداوەش شەپۆلێکی گەورەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا.