ئەنقەرە
بەپێی توێژینەوەیەکی نێودەوڵەتی کە لەلایەن سندوقی دانیشتوانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی و پاراستنی بەساڵاچوان Helpage International ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە دانیشتوانی جیھان بەشێوەیەکی خێرا بەرەو پیری دەچێت و ژمارەیەکی زۆری وڵاتانیش ئامادە نین پاڵپشتی و ھاوکاری بەساڵاچوان بکەن.
ئەم توێژینەوەیە بەبۆنەی رۆژی جیھانی بەساڵاچوانەوە بڵاوکراوەتەوە، رێزبەندی ئاستی کۆمەڵایەتی و بژێوی بەساڵاچوانی ٩١ وڵاتی خستۆتەڕوو و وڵاتی سوێد بە پلەی یەکەم و ئەفغانستانیش ریزبەندیدا پلەی کۆتایی بەرکەوتووە.
بەپێآ ھەمان لێکۆڵینەوە لە ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەرووی شەست ساڵیدان لە ژمارەی ئەو کەسانە زیاتر دەبێت کە تەمەنیان لە پازدە ساڵی کەمترە.
لێکۆڵینەوە ھەروەھا ئاستی داھات، باری تەندروستی، پەروەردە، بەکاربردنی بەساڵاچوان لە وڵاتانی جیھان دیاریکردووە و وڵاتانی ئوردن، لاوس، مەغۆلستان، نیکاراگوا و ڤێتنام لە سەرووی رێزبەندی ئەو وڵاتانەدان کو دانیشتوان تیایاندا بەشێوەیەکی خێرا بەرەو پیری دەچێت بەشێوەیەک لەساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی بەساڵاچوان لەو وڵاتانەدا سێ بەرامبەری ئێستا دەبێت. ژمارەیەکی زۆری وڵاتانیش توانای دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و خزمەنگوزاری تەندرستی و پاراستنی کۆمەڵایەتیان بۆ بەساڵاچوان نیە بەتایبەت وڵاتە ھەژارەکان.
لەرووی سیستمی خانەنشینیش ھەریەک لە وڵاتانی سوید، نەرویج، ئەڵمانیا ، ھۆڵەندا و کەنەدا لە ریزبەندی پێشەوەن و ئەمەریکاش پلەی ھەشتەمی لەو ریزبەندیە گرتووە.
سەبارەت بە تورکیاش لێکۆڵیەنەوە ئاماژە بەوە دەکات، ساڵی ٢٠١٢ رێژەی بەساڵاچوان لە تورکیا ٦.٩% بوو، بەڵام ساڵی ٢٠٥٠ ئەو رێژەیە بۆ ٢٦% بەرز دەبێتەوە و ئاماژەیش بەوە کراوە تورکیا پلانی بۆ ئەم مەبەستە داناوە.