Muhammet Ali Kemal
27 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2016
ئەو هاووڵاتییە بەرەگەز ئیسپانییەی کە ناوی کۆنسێپسیۆن پیسیۆتۆ بوو و، لە لای باکووری کۆشکی سپییەوە بۆ ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ بێ ئەوەی گوێ بداتە شەو و رۆژ و سەرما و گەرما، ناڕەازایەتی دژی ئەمریکا دەردەبڕی، کۆچی دوایی کرد.
پیسیۆتۆ كە لەو شەقامەی بە بەردەم كۆشكی سپیدا دەڕوات و بە رووی هاتوچۆدا داخراوە، خێوەتێكی هەڵدابوو، لەساڵی ١٩٨١ەوە تا ئێستا لە ناڕەزایەتییە تاكە كەسییەكەیدا دژایەتی خۆی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، بەتایبەت پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریكا و بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی دەردەبڕی و ئەوە راگەیەنرا كە ناوبراو لە خانەیەكی چاودێری ژنانی بێ سەرپەرشتدا گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری خانەی چاودێریییەكە شرۆیدەر ستریبلینگ لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە پیسیۆتۆ كە بە ''كۆنی'' یان كۆنچیتا''ش ناسراوە، لە رۆژانی رابردوودا كەوتووە بەڵام تا ئێستا نازانن كە ئایا ئەوە هۆكاری راستەوخۆی مردنەكەی بووە یان نا.
پیسیۆتۆ كە ببووە سیمبولی خۆپیشاندان لە واشنتۆن، بەدرێژایی نزیكەی ٣٥ ساڵ لەو خێوەتە بچووكەی كە لەبەردەم كۆشكی سپیدا هەڵیدابوو، دراوسێیەتی پێنج سەرۆكی جیاوازی ئەمریكای كردبوو.
كۆنسێپسیۆن پیسیۆتۆ لەبەرامبەر هەیبەت و شكۆی كۆشكی سپیدا تەنها و بێكەس بوو، باسی ''لایەنە جیاوازەكەی'' ئەمریكای بۆ ئەو گەشتیارانە دەكرد كە سەردانی شارەكەیان دەكرد. ئەو ئاگادارینامانەی لە بەردەم خێوەتەكەیدا بڵادەكردەوە كە بە ژمارەیەكی زۆر لە زمانەكان نووسرابوون. هەمیشە بە ئارامییەوە وەڵامی پرسیاری سەردانیكەرانی دەدایەوە.