Hawkar Yaseen
20 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2021
سلێمانی - AA
لەشەوی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، لە تەکیەی کەسنەزانی لە شاری سلێمانی، جێگری پاپای ڤاتیكان ئەمپا ئەنتونیۆس، کۆنسوڵگەری گشتی میسر لە هەرێمی كوردستان محەمەد حەجازین و سەرۆكی ئەقباتیەكانی كوردستان و عێراق قەشە حەكیم شنۆدە سەردانی سەرۆكی تەریقەتی كەسنەزانی لەجیهان شێخ نەهرۆ كەسنەزانیان كرد.
بەپێی راگەیەندراوی بارەگای سەرۆکایەتی تەریقەتی کەسنەزانی لە جیهاندا "لەدانیشتنەكەدا شێخ نەهرۆ كەسنەزانی بانگهێشتی شاندەكەی كرد بۆ ئامادەبون لە كۆنگرەی تەسەوفی جیهانی كە بەسەرۆكایەتی شێخ نەهرۆ لە هەرێمی كوردستان لەئایندەیەكی نزیكدا دەبەسترێت، بەئامادەبوونی دەیان هێمای تەسەوفی ناخۆیی و جیهانی".
هەر لە دانیشتنەکەدا شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بە شاندەکەی راگەیاند "كاری لەپێشینەی تەریقەتی كەسنەزانی لێكنزیككردنەوەی ئایینەكانە".
دواتریش جێگری پاپای ڤاتیكان و شاندی یاوەری بەشداریان لە مەراسیمی زیكری شەوی جەژنی قوربانی پیرۆز كرد، كە بەسەدان دەروێش و مورید ئامادەی مەراسیمەكەبوون.