Dlshad Saifaalddin Ahmed
06 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2016
سلێمانی AA
بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی، دڵشاد عومەر کە لەسەر پکشی بزووتنەوەی گۆڕان و دوای پێکھێنانی ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکە ئەو پۆستەی وەرگرتووە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە فەڕمی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
ئەو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ھۆکاری دەست لەکارکێشانەوەی بۆ بەردەوامی بایکۆت و خۆپیشاندانی مامۆستایان گەڕاندەوە و نیگەرانی خۆشی لە ھەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان بە حزبەکەی خۆشیەوە نیشاندا لەوەی بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵەیان کردووە.
دڵشاد عومەر گوتی: "حکومەت بە کەمکردنەوەی مووچە ئەم دۆخەی سەپاند و بەبێ ئەوەی ھۆکاربم خەریکە تۆمەتبار دەکرێم ، نەبوونی یەکھەڵوێستی و کێشمەکێشی حزبی ھۆکارێکە بۆ دەستلەکارکێشانەوەم و ھەندێک پەرلەمانتار و بەرپرسانی حزبی دۆخەکەیان قۆستووەتەوە و بۆ پەکخستنی پەروەردە ئەسپی خۆیان تاو دەدەن ".
ئەو نیگەرانی خۆی نیشاندا لەو ھێرش و نووسینانەی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکرایە سەریان و ئەوەشی گوت: "ناکرێت من بەڕێوەبەری پەروەردەیەک بم کۆمەڵێک کەسی تێدایە پیشەیان درۆ و بوھتانە".
پێشتر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگاری سلێمانی چەند جارێک رەخنەی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی سلێمانی گرتووە بەوەی لەلایەک پشتیوانی دەستپێکردنەوەی دەوام و کۆتایی ھێنان بە بایکۆتی مامۆستایان دەکەن و لەلایەکی دیکەش پشتیوانی خۆپیشاندانی مامۆستایان دەکەن و کادرەکانیان سەرپەرشتی خۆپیشاندان و مانگرتنی مامۆستایان دەکەن، بەوەش شەرمەندەییان بۆ ئەو دروست کردووە.
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەھۆی دواکەوتنی مووچە و سیستمی پاشەکەوتی مووچەوە بەردەوامن لە بایکۆتکردنی دوەام و خۆپیشاندان، تائێستاش چەند جارێک لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای پارێزگاکە خۆپیشاندانی بەرفراوانیان رێکخستووە و نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بەڕێوەبەری پەروەردە نیشانداوە.
لە سنوری پەروەردەی پارێزگای سلێمانی نزیکەی ٤٨ ھەزار مامۆستا و ٧٥٠ ھەزار قوتابی ھەیە.