Abdullah Shukur
09 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2018
واشنتۆن - AA
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس لەبارەی ئەو وتارەی کە لەلایەن کەسێکی نەناسراو کە لە رۆژنامەی New York Times بڵاوکراوەتەوە و تیایدا سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کراوەتە ئامانج، رایگەیاند کە بە تەواوەتی دڵنیایە لەوەی ھیچ کەسێک لە تیمەکەی، ئەو وتارەی نەنووسیووە.
پێنس بەشداری لە پرۆِگرامێکی کەناڵی CBSی ئەمریکا لە ژێر ناونیشانی "Face The Nation" کرد و وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەندیدار بە بڵاوکردنەوەی وتارێک لەلایەن نووسەرێکی نەناسراو لە رۆژنامەی New York Times ی دایهوه.
پێنس گوتی: "دەمەوێت بە روونی قسە بکەم: سەد لە سەد دڵنیام لەوەی ھیچ کەسێک لە تیمەکەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینی ئەو وتارە تێوەنەگڵاوە. من تیمەکەی خۆم دەناسم".
لەلایەکی دیکەوهش پێنس لەبارەی بانگەشەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی تاوتوێکردن لەبارەی لەکارلابردنی یان لانەبردنی ترەمپ کە لە وتارەکەی ئەو رۆژنامەیە ئاماژەی پێکراوە، رایگەیاند کە وتوێژێکی بەم جۆرە ھیچ ئەنجام نهدراوه و خۆیشی بەشداری لە شتێکی بەم جۆرە نەکردووە.
پێنس راشیگەیاند کە ئەگەر پێویست بێت دەتوانێت تاقیکردنەوەی "پرۆگرامی ئاشکراکردنی درۆ" بە خۆبەخشانە بکات و لەمبارەیەوە دڵنیایە لە خۆی.
رۆژنامەی New York Times ئەمریکی وتارێکی بە بێ ناوھێنانی نووسەرەکەی لە ژێر ناونیشانی "بەشێکم لە بەرخودانی نێو ئیدارەی ترەمپ" بڵاوکردەوە و بەمەش کاردانەوەی توندی لەلایەن ئیدارەی ترەمپ بە دوای خۆیدا ھێنا.