Ahmet Furkan Mercan
06 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2020
تۆکیۆ- AA
لە شەشی ئابی ١٩٤٥ و لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانی دووەمدا، شاری هیرۆشیما لە ژاپۆن بە چەکی ئەتۆم بۆردومان کرا.
ئەمڕۆ ٧٥ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕی و بەو بۆنەیەشەوە لە مۆنۆمێنتی ئاشتی شارەکە رێوڕەسمی یادکردنەوەی قوربانییانی ئەو تاوانە رێکخرا.
سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ لە میانی گوتەیەکدا باسی لە جیاوازی رەفتاری وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی و ئەو نیگەرانیانە کرد کە لەسەر ئاسایشی جیهان هەن و گوتی:
"ژاپۆن بەپێداگرییەوە کار بۆ داماڵینی جیهان لە چەکی ئەتۆم دەکات. پێویستە وڵاتان لەڕێی گفتوگۆوە هەستی بێمتمانەیی لەنێوان خۆیاندا چارەسەر بکەن".
شینزۆ ئابێ ئاماژەی بەوەیش دا کە ژاپۆن، رۆڵی پرد دەبینێت لەنێوان وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆم و ئەو وڵاتانەی چەکەکەیان نییە و ئامانجیەتی نەوەی نوێ بەرامبەر ئەو ئازار و ستەمانە هۆشیار بکات کە قوربانییانی چەکی ئەتۆم ئەزموونیان کردووە.
لای خۆیەوە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لەڕێی ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە بەشداری رێوڕەسمەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە جیهان لە ئامانجی داماڵین لە چەکی ئەتۆمی دوورکەوتووەتەوە و گوتی:
"پارچەپارچەبوون، بێ متمانەیی و کەموکوڕی لە گفتوگۆکاندا هەڕەشەی کەوتنە ناو ململانێکییەکی ئەتۆمی بێئامان لە جیهان دەکات".
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەیش دا کە مەترسییەکی زۆر گەورەی بەکارهێنانی بەمەبەست یاخود بێ مەبەستی چەکە ئەتۆمییەکان هەیە و گوتی:
"جارێکی دیکەش بانگەوازەکەم دووپات دەکەمەوە بۆ دۆزینەوەی رەهەندێکی هاوبەش لەنێوان دەوڵەتەکاندا کە ببێتە مایەی زەمینەسازی لەناوبردنی یەکجارەکی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا. پێویستە هەموو دەوڵەتەکان لەم بابەتەدا رۆڵی ئەرێنی ببینن ئەو دەوڵەتانەشی خاوەن چەکی ئەتۆمین بەرپرسیارییەتێکی تایبەتیان لە ئەستۆدایە. ئێستا کاتی ئەوەیە هەوڵ بۆ دروستکردنی متمانە و گفتوگۆی نێوان وڵاتان بدرێت و قەبارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانیش بۆ نزمترین ئاست کەم بکرێنەوە".