Hakan Çopur
10 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2026
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ وێڕای ئاماژەدان بە کەوتنی هێلیکۆپتەرەکەی سوپای ئەمریکا لە گەرووی هورمز، ئەوەی بە هۆکارێک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لەقەڵەم دا و گوتی: "دوێنێ گورزێکمان لێ وەشاندن و ئەمڕۆش گورزێکی سەختتریان لێ دەوەشێنین".
دۆناڵد ترەمپ لە ئۆڤاڵ ئۆفیس لە وەڵامی پەیامنێراندا سەبارەت بە ئێران قسەی کرد و ڕایگەیاند کە ئێرانییەکان دانیان بەوەداناوە کە هێلیکۆپتەرەکەیان خستووە.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری ئایا درێژە بە هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەدەن؟ گوتی، ئێمە هێرشیان دەکەینە سەر، زۆریش بە هێزەوە. ئەگەر سەیری خستنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی بکەی، پێم وایە ئەو مافەمان هەیە کە ئەوە بکەین. دوێنێ گورزێکمان لێ وەشاندن و ئەمڕۆش گورزێکی سەختتریان لێ دەوەشێنین".
- وەڵامی ترەمپ بۆ پرسیارێک لەبارەی سەرکۆمار ئەردۆغانەوە
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پەیامنێرێکدا لەبارەی ئەگەری پێکدادانێک لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا، باسی لە پەیوەندی نزیکی خۆی و سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کرد.
دۆناڵد ترەمپ گوتی: "ئەو (سەرکۆمار ئەردۆغان) دۆستێکی زۆر باشی منە و زۆر باش لێک تێ دەگەین، ئەو ڕابەرێکی زۆر گەورەیە و زۆر بەهێزە".
ترەمپ لەبارەی دۆخی نێوان تورکیا و ئیسرائیل گوتی: "من شتی وام نەبیستووە، ئەمەم بیستبا، تەلەفۆنم دەکرد و دڵنیادەبوومەوە کە هەموو شتێک لەسەر ڕێرەوی خۆیەتی. بڕوا ناکەم شتی وا لەگەڵ تورکیا ڕووی بدات. ئەو ڕێز لە من دەگرێت و منیش ڕێز لەو دەگرم، لەسەرووی هەمووشیانەوە، لە نێوانماندا دۆستایەتییەکی زۆر هەیە".