Abduljabbar Aburas
20 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2020
کابول ــ AA
وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاند کە لە ئاکامی تەقینەوەیەک لە کابولی پایتەخت، نۆ کەس کوژراون و ٢٠ی دیکەیش برینداربوون.
لەمبارەیەوە کەناڵی تلوع نیوز لە وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان، مەسعود ئانداربی گواستووەتەوە کە تەقینەوەیەک لە گەڕەکی PD٥ لە کابول روویداوە و لە ئاکامدا، نۆ کەس کوژراون و ٢٠ی دیکەیش برینداربوون.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان رایگەیاندبوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە، تیرۆریستان ھێرشیانکردووەتە سەر گەڕەکی PD٥ لە شاری کابول کە ژمارەیەک منداڵ، ئافرەت و بەساڵاچوو برینداربوون.
ئاماژەی بەوەیشدابوو کە ماڵەکانی ئەو گەڕەکەی کە کراوەتە ئامانج، زیانی زۆریان بەرکەوتووە و باسی لەوەشکردبوو کە لە ھێرشەکەدا، ئەندامی پەرلەمانی ئەفغانستان، خان محەمەد ورداک برینداربووە.
کەناڵی تلوع نیوز بڵاویکردەوە کە تەقینەوەیەک، ئۆتۆمبێلی خان محەمەد ورداک-ی کردووەتە ئامانج، بەڵام ناوبراو لە تەقینەوەکەدا رزگاری بووە.
تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە، رانەگەیاندووە.