Zein Khalil
14 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2026
سەرەڕای ئاگربەست، سوپای ئیسرائیل ھەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئامادەکاری دەکەن بۆ ھیرشکردنە سەر ٢٩ شارۆچکە و گوندی باشووری لوبنان.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەفیخای ئەدرعی لە ھەژماری پلاتفۆڕمی کۆمەڵایەتی کۆمپانیای X کە ناوەندەکەی لە ئەمریکایە، ئاماژەی بەوەداوە کە سوپای ئیسرائیل ھۆشداری داوەتە دانیشتووانی ٢٩ شارۆچکە و گوندی باشووری لوبنان لەوەی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبھێڵن، چونکە ھێرش دەکەنە سەر شارۆچکە گوندەکانیان.
ئەفیخای ئەدرعی داوای لە دانیشتووانی ناوچەکان کردووە کە لانی کەم یەک کیلۆمەتر لەو شوێنانە دوور بکەونەوە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە کە حزبوڵڵای لوبنان ڕێککەوتنی ئاگربەستی پێشێلکردووە، بۆیە ھۆشدارییان بە دانیشتووانی ئەو ٢٩ شارۆچکە و گوندەی باشووری لوبنان داوە، لەوەی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبھێڵن.