ABDULSALAM FAYEZ
23 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2026
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە کە ئیسرائیل بیر لە ئەگەری بڕیارێکی ئەمریکا دەکاتەوە، لەوەی پابەندی بکات وردە وردە لە ناوچەکانی باشووری لوبنان بکشێتەوە.
لەوبارەیەوە میدیای فەرمی ئیسرائیل "KAN" بڵاوی کردەوە: "ئەمرۆ گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان دەست پێدەکەنەوە و ئەمجارە ئامانجیان داڕشتنی وردەکاریی سەرەتاییە تایبەت بە کشانەوەی ھێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان".
ڕاشیگەیاندووە: "دانوستانەکان بە ھەمان شێوەی ماوەکانی ڕابردوو بە نێوەندگیری ئەمریکا بەڕێوەدەچن و باڵیۆزانی ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتۆن لەگەڵ سێ ئەفسەری ئیسرائیلی بە پلەی عەقید (ناویان ئاشکرا نەکراوە)، تیایدا بەشداری دەکەن".
میدیای فەرمی ئیسرائیل باسی لەوەش کردووە: "دانوستانەکان لە کاتێکدایە دەست پێ دەکەنەوە کە ئەمریکا ڕەزامەندی نیشانداوە، لەوەی بە بەشداری قەتەر و ئێران بەبێ ئیسرائیل، میکانیزمێک بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە لوبنان، دابمەزرێنێت".
ھەروەھا میدیای فەرمی ئیسرائیل لە سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی گواستووەتەوە: "بەھۆی بوونی ئێرانەوە، دەرفەتی ئەوە نەبووە کە ئیسرائیل لە میکانیزمەکەدا بەشداری بکات".
بە گوتەی سەرچاوەکە لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵەوە تا ئێستا، حزبوڵڵای لوبنان حەوت ھەزار و ٢٨٥ مووشەک و دڕۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
ھاوکات میدیای فەرمی ئیسرائیل لە چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی گواستووەتەوە کە ئیسرائیل بیر لە ئەگەری بڕیارێکی ئەمریکا دەکاتەوە، لەوەی پابەندی بکات وردە وردە لە ناوچەکانی باشووری لوبنان بکشێتەوە.