Hawkar Yaseen
27 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2022
هەولێر - AA
لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر، ژمارەیەک لە کچانی ئۆکراینا کە لە هەولێر دەژین خۆپیشاندانیان کرد بۆ دەربڕینی پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی وڵاتەکەیان و وەستاندنی هێرشی سوپای رووسیا بۆسەر ئۆکراینا.
خۆپیشاندەرانی ئۆکراینا لە دروشمەکانیاندا داوایان دەکرد شەڕ بوەستێت و هێرشی رووسیا بۆسەر وڵاتەکەیان رابگیرێت، دروشمیان بەڕووی ناتۆ و وڵاتانی جیهان بەزکردبووەوە و داوایان دەکرد لەگەڵ ئۆکراینا بمێننەوە و بەتەنیا لەم شەڕەدا بەجێیان نەهێڵن.
هاووڵاتی ئۆکراینا، ساشا ئەلکساندرا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "هاتووم بۆ ئێرە بۆ ئەوەی پشتگیری وڵاتەکەمان بکەین، بۆئەوەی داوای هاوکاری لە وڵاتانی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ بکەین، داوا دەکەین تکایە چاویان داناخەن لەبەرامبەر ئۆکراینا".
ئێڤا میکۆلا هاووڵاتییەکی دیکەی ئۆکراینا بوو کە لە هەولێر کاردەکات و بەشداربوو لە خۆپیشاندانی ئۆکراینییەکان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەمانەوێت بە هەموو جیهان بڵێین ئەمەی روودەدات پیشاندانی رێز و نرخ نییە بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی ئۆکراینا، ٢٤ی شوبات رووسیا شەڕی دەست پێ کرد لە وڵاتە جوانەکەمان، بۆمببارانی هەموو شارەکان دەکەن، منداڵ دەکوژن ژن دەکوژن هەر کەسێک دەکوژن کە دەیەوێت بە ئاشتی بژی، تکایە داوا دەکەین شەڕ رابگرن لە ئۆکراینا، ئێمە شەڕمان ناوێت داخوازی ئاشتی دەکەین".
ئێڤا میکۆلا رووی قسەکانی ئاراستەی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کرد و گوتی: "پوتین تۆ فاشیستی، ئەمەی ئەمڕۆ رووی لە ئۆکراینایە سبەی روو لە هەموو وڵاتانی ئەورووپا دەکات و دواتر هەموو جیهان، تکایە هاوکاریمان بکەن بۆ وەستاندنی ئەو فاشیستە شێتە".