Zana Natık Kerem
19 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2017
بەنگلادیش ــ AA
موسڵمانانی رۆهینگیا كە لە ترسی كومەڵكوژی و هێرشی میلیشیا بۆزییەكان بۆ سەر ناوچەكانیان لە هەرێمی ئاراكان رۆژئاوای میانمار وەك ئاوارە روویان لە بەنگلادیش كردووە رایدەگەیەنن، بە هۆی خراپی رەوشی ئەمنی و بەردەوامی هێرشی میلیشیا بۆزییەكان بۆ سەر ناوچەكانیان، جارێ نایانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئاماژە بەوە دەكەن تا ئاسایش و سەقامگیری لەگەڵ مافی هاووڵاتیبوونیان لە میانمار بۆ دەستەبەر نەكرێت ناگەڕێنەوە ناوچەكانیان.
لە 23ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوودا، هەردوو حكوومەتی بەنگلادیش و میانمار رێككەوتنێكیان لە بارەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی رۆهینگیا بۆ ناوچەكانیان واژوو كردبوو.
ژمارەیەك لە موسڵمانانی رۆهینگیا كە لە كەمپی شاری كۆكس بازار باشووری رۆژهەڵاتی بەنگلادیش نیشتەجێكراون بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەیان كرد و ئاماژەیان داوە كە ئەوان زۆر بە زەحمەت لە ئاراكان خۆیان رزگاركردووە و هەڵاتوون و لە ئێستادا هیچ شتێكیان نەماوە تا لە پێناویدا بگەڕێنەوە بە تایبەتیش دوای ئەوەی سوپای وڵاتەكەیان گوندەكانیان وێرانكردووە.
لەمبارەیەوە ئافرەتێكی موسڵمانانی رۆهینگیا لە كەمپەكە بە ناوی تەهارە گوتی: "سێ مانگ لەمەوبەر، هاوسەرەكەم لە لایەن سوپای میانمار كوژرا بۆیە دوای ئەوە بە ناچاری هەڵاتم و رووم لە بەنگلادیش كرد".
تەهارە گوتیشی: "ژیانمان لە بەنگلادیش بەراورد بە ژیانمان لە میانمار زۆر باشترە، هەر هیچ نەبێت بە لانیكەم لێرە پارێزراوین، بۆیە نامەوێت بگەڕێمەوە وڵاتەكەم".
هاوكات ئافرەتێكی دیكەی ئاوارەی رۆهینگیا بە ناوی زبێرە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەو دەردەسەری و نەهامەتییانە كرد كە بەر لە هەڵاتنییان بۆ بەنگلادیش لەگەڵ خێزانەكەی لە ئاراكان رووبەڕووبوونەوە و گوتی: "دوای ئەوەی هاوسەرەكەم لە لایەن میلیشیا بۆزییەكانەوە كوژرا، ناچاربووم لەگەڵ منداڵەكانم بەرەو بەنگلادیش هەڵبێن".
زبێرە گوتیشی: "تاكە تاوانی ئێمە ئەوایە موسڵمانیین و لە مزگەوت نوێژ دەكەین، لەبەر ئەم هۆكارە ئێمە دەكوژرێن".
ناوبراو جەختی كردەوە كە لە ئێستادا نایەوێت بگەڕێتەوە میانمار، چونكە هیچ شتێكی لە ئاراكان نەماوە و خانوو و زەوییە كشتوكاڵەكانیان سووتێنراون.
هاوكات ئافرەتێكی دیكەی ئاوارەی رۆهینگیا بە ناوی شنجیدە كە بەر لە هەڵاتنی بۆ بەنگلادیش هاوسەر و كوڕەكەی لەدەستداوە بۆ ئاژانسی ئادۆڵو گوتی: "كێ دەزانێت چی روودەدات ئەگەر كاتێك گەڕامەوە بۆ میانمار، چونكە هاوسەر و كوڕەكەم لەدەستداون لە ئێستایشدا هیچ شتێكم لە میانمار نەماوە تا لە پێناویدا بگەڕێمەوە"
لە ٢٥ی مانگی ئابی رابردووەوە، سوپای میانمار و بوزییە رەگەزپەرستەكان كۆمەڵكوژی دژ بە موسڵمانانی رۆهینگیا لە هەرێمی ئاراكان رۆژئاوای ئەو وڵاتە ئەنجام دەدەن.
بە پێی ئامارە فەرمییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئاكامی ئەو كۆمەڵكوژی و تاوانانەی سوپای میانمار و بوزییە رەگەزپەرستەكان، ٨٢٦ هەزار موسڵمانی رۆهینگیا لە هەرێمی ئاراكانەوە ئاوارەی بەنگلادیش بوون.