Abdullah Shukur
01 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2018
نیویۆرک - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بەرپرسی باڵای کۆریای باکوور، کیم یۆنگ -چۆل ھەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام ھیچ زانیارییەکی لەسەر ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ ئون ئاشکرا نەکرد.
پۆمپیۆ لە دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور بۆ ماوەی ٩٠ خولەک لە نیویۆرک، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و تێدا رایگەیاند کە "لە دوای ئەم کۆبوونەوانە، پێموایە لەسەر رێگایەکی راست دەڕۆین".
پۆمپیۆ راشیگەیاند کە وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور مەبەستی گەیاندنی نامەکەی کیم جۆنگ ئون بە ترەمپ بەرەو واشنتۆن بەڕێدەکەوێت و ئاشکراشی کرد کە سەرکەوتنی لوتکەکە ، ئاشتی و ئاسوودەیی لە نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور دەستەبەر دەکات.
پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە لەدەستدانی ئەم دەرفەتە دەبێتە تراژیدایەکی خراپ و گوتیشی: "لە کۆبوونەوەکانم زۆر بە ئاشکرای رامگەیاند کە ئامانجی ئەمریکا داماڵینی چەکی ناوەکییە لە نیمچە دوورگەی کۆریا".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەوەو پێش نامەیەکی بۆ سەرۆکی کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون نووسی و تێیدا رایگەیاند کە بەشداری لە لووتکەکەی سینگاپور ناکات.
ترەمپ راشیگەیاندبوو کە کە کۆریای باکوور بەھۆی روونکردنەوەکانی لەبارەی مانۆڕە سەربازییەکەی کۆریای باشوور و ئەمریکا و کۆبوونەوەی لووتکەی نێوانیان، داھاتووی وڵاتەکە دەخاتە مەترسییەوە.
کۆریای باکوور، مانۆڕی سەربازیی ھاوبەشی ئەمریکا و کۆریای باشوور بە گێرەشێوێنی وەسفکردبوو ھەروەھا رێککەوتنامە باڵایەکانیشی لەگەڵ کۆریای باشوور ھەڵپەساردبوو.
ھەروەھا کۆریای باکوور ھۆشداری ئەوەشی دابوو کە ئەگەری ھەیە کۆبوونەوەی ترەمپ و کیم کە بڕیارە لە ١٢ی حوزەیران لە وڵاتی سەنگاپور ئەنجام بدرێت، ھەڵبوەشێندرێتەوە.