بەڕێوەبەری بنکەی تەندروستیی شاری ترابزۆن دکتۆر (کۆکساڵ حەمزەئۆغڵو) لەبارەی ئەم نەخۆشییەوە گوتی "خەڵکی وا دەزانن شێرپەنجەی مەمک تایبەتە بە پیاوان، لە ڕاستیدا وا نییە، لەوانەیە ڕێژەی دەرکەوتنی نەخۆشییەکە لە پیاواندا کەمتر بێ، بەڵام ئەمە مانای تووشنەبوونی پیاوان ناگەیەنێ."
ئەو پزیشکە روونی کردەوە، سەرەتا گرێیەک کە بارستەکەی بە قەد نۆکێکە لە سەر مەمکی پیاوان پەیدا دەبێ و بە تێپەڕبوونی کات ھەست بە ئازارەکەی دەکرێت. پێویستە لەکاتی بوونی ھەر گومانێک و بینینی ھاوشێوەی ئەو گرێیە خێرا سەردانی پزیشکی تایبەت بکرێ و پشتگوێ نەخرێ."
لەبارەی گەورەبوونی مەمکەکان لە پیاوان یان ھەستیاریی لە ناوچەی سنگدا گوتی "مەترسییەکی ئەوتۆی نییەێ زۆرجار ئەوانە نیشانەی نەخۆشییەکی ترن کە مەمکی پیاوان ھاوشێوەی ئافرەتانی لێدێت و پێی دەگوتری (Gynecomastia)."
ئەو پزیشکە نەخۆشییەکەی بە باوترین جۆری شێرپەنجە لە ئافرەتاندا وەسف کرد و گوتی "تەمەن کاریگەری لەسەر ڕێژەی نەخۆشییەکە ھەیە، بە تەمەنەکان چوار ئەوەندەی گەنجەکان زیاتر تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن. بەڵام مەترسیی نەخۆشییەکە لەسەر گەنجان زیاترە، چونکە دیاریکردنی نەخۆشییەکە زەحمەتترە. ئەوەی باشە ئەم نەخۆشییە بۆماوەیی نییە و زۆر بە کەمی بۆ وەچەی دواتر دەگوازرێتەوە، سەرەڕای ئەمەش ڕێژەی تووشبوون لەوانەی کە پێشتر لە خزمە پلە یەکەکانیدا ئەم نەخۆشییە بینراوە، ٢ تا ٣ جار لەوانی تر زیاترە."
حەمزەئۆغڵو شیردان و منداڵبوونی لە خوار تەمەنی سی ساڵی بە فاکتەرێکی بەرگریی باش لەو نەخۆشییە وەسف کرد, گوتیشی "لە قۆناغێکی پێشکەوتوودا ھەست بە ئازارەکەی دەکرێ، بۆیە زۆر کەس لە کاتی خۆی و سەرەتای نەخۆشییەکەدا سەردانی پزیشک ناکەن، ئەوانەی گومانیان ھەیە یان کەسە نزیکەکانیان تووشی ئەو نەخۆشییە بوون، پێویستە پشکنین ئەنجام بدەن، بەڵام بەداخەوە زۆربەی ئەو تووشبووانەی سەردانمان دەکەن دەبینین گرێکە لەسەر مەمکیان دروست بووە."
لەبارەی پشکنینی تیشکییەوە گوتی "پشکنین بە ئامێری تیشک لە ئێستادا بەکارترین ڕێگایە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، %٩٠ی ئەنجامەکانی ڕاست و باوەڕپێکراون. بەڵام ئەم پشکینینە زیاتر لە دوای ٤٠ ساڵییەوە ئەنجام دەدرێت, بۆ کەمتر لەو تەمەنەش مەگەر حاڵەتەکی تایبەت ھەبێت، ئەویش بە ڕێنمایی پزیشکی."
بەڕێوەبەرایەتیی بنکەی تەندروستی ترابزۆن, لەبەر گرنگیی پشکنین لە تەمەنێکی زوودا, لە بنکەی پشکنینی شێرپەنجەی ترابزۆرن بەبآ بەرامبەر پشکنین ئەنجام دەدا.