تەندروستی, وەرزش, عێراق

نەخۆشانی شێرپەنجە لە سەرکەوتنی چیاکاندا هێز دەدۆزنەوە

Heman Hussein Yaseen  | 19.10.2025 - نوێکردنەوە : 21.10.2025
نەخۆشانی شێرپەنجە لە سەرکەوتنی چیاکاندا هێز دەدۆزنەوە

Arbil

هەولێر - AA

لە نمایشێکی بەھێزیی خۆڕاگرییدا، کۆمەڵێک لە چاکبووانی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی بە مەبەستی چێژوەرگرتن و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە تەندروستییەکانیاندا، گەشتێکی شاخەوانییان بۆ پارێزگای هەولێر ئەنجامدا.

ئەم چالاکییە وەک بەشێک لە چارەسەریی ڕێکخرابوو، بەشداربووان لە ناوچە سەختەکاندا پشتگیری یەکتریان کرد و گەشتەکە تیشکی خستە سەر پەیوەندی قووڵی نێوان سروشت و چاکبوونەوە، ھەر بۆیەش زۆرێک باسیان لە ھەستکردن بە نوێبوونەوە دەکرد دوور لە دیواری نەخۆشخانە و زەنگی بەردەوامیی ئامێرە پزیشکییەکان، بە تایبەت لەم وەرزی پاییزەدا ھەروەک چۆن سروشت خۆی بۆ نوێبوونەوە ئامادە دەکات، ئەوانیش ھێزیان لە لاوازیدا دەدۆزیەوە و بە بوێری و ھیوایەکی بێدەنگەوە ھەنگاویان دەنایە ناو لاپەڕەیەکی نوێ.

گەشتەکە بۆ شاخەکانی خاسۆر و کونەقاژ لە سنووری ناحیەی بالیسانی سەر بە قەزای شەقڵاوە لە پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا، تێیدا شاخەوانان توانیان ماوەیەکی زۆر ببڕن تا بگەن بە لووتکەی شاخەکە و ماوەیەک لەوێ مانەوە و دواتر دەستیان گەڕانەوە کرد.

غەزال قادر، چاکبوویەکی نەخۆشخانەی ھیوا ئاماژەی بەوەکرد کە بەهۆی بەرزی پلەی نەخۆشییەکەی، سەرەتا کەسوکاری وایانزانیووە نەخۆشییەکە بەسەریدا زاڵ دەبێت و دەیکوژێت بەڵام بەهۆی وەرزش و ئارامکردنەوەی دەروونی، توانیوویەتی بەسەر نەخۆشییەکەیدا زاڵ بێت و ئێستاش شێرپەنجەی تێپەڕاندووە و چاکبووەتەوە و لە وەرزش و گەشتکردنیش بەردەوامە.

غەزال قادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە گەشتێکی شاخەوانییمان ئەنجامدا، چالاکییەکە بۆ هۆشیارکردنەوەی شێرپەنجەیە، بۆ ئەوەی خەڵک بزانێت چەندە سوودمان لێی بینووە، ئەمساڵ چەند جارێک ئەم چالاکییەمان ئەنجامداوە، سەرەتا من کە تووشی شێرپەنجە بووم، پلەی تووشبوونەکەم بەرز بوو، بۆیەش دەوروبەرم وایاندەزانی زوو گیانلەدەست دەدەم، بەڵام شێرپەنجە پەیوەست نیە بە پلەکەی، بەڵکو ئەگەر بتەوێت بەسەر نەخۆشییەکەدا زاڵ بیت ئەوا نابێت بیت لە پلە و دەرمانەکان بکەیتەوە، هەر بۆیەش من بەسەریدا زاڵ بووم".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە خێزانەکەی زۆر هاوکاریی و پاڵپشتی بوونە بۆ کەمکردنەوەی نەخۆشییەکە لە ڕێگای گەشت و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر.

غەزال قادر گوتیشی: "ڕێنماییم وایە، ئەوانەی سەلامەتن زوو بچن پشکنین بکەن بۆ ئەوەی تووشی وەرگرتنی چارەسەر نەبن، چونکە قورسیی نەخۆشی شێرپەنجە، وەرگرتنی چارەسەرەکەیتی تا نەخۆشییەکە، هەروەها خانمان دەتوانن لە ماڵەوە پشکنین بۆخۆیان بکەن یان لە سەنتەرەکان".

چاکبوویەکی دیکەی شێرپەنجە ئاماژە بەوە دەکات کە تووشبووان دوای چاکبوونەوەیان، پێویستیان بە گەشت و شاخڕەوییە بۆ ئەوەی ئەو جەستە ماندووەی دوای شێرپەنجە، بحەسێتەوە.

سوعاد ڕەئووف لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە بەردەوام وەرزش دەکەین، دەچینە شارەکان بۆ گەشت و شاخڕەویی، ئەم چالاکییە بۆ تەندروستیمان بە سوودە بە تایبەت بۆ چاکبووانی شێرپەنجە چونکە کاتێک لەم نەخۆشییە قورسە چاکدەبینەوە، جەستەمان تەواو هیلاکە و پێویستی بە حەسانەوە هەیە، بۆیەش دەچینە ناو سروشت و گەشتکردن، بەم چالاکییە هیوایەک پەیدا دەکەیتەوە بۆ ژیان، تا نەهاتمە شاخ خەمۆکییەکی زۆر دایگرتبووم، بەڵام ئێستا وایلێهاتووە ئەگەر هەفتانە شاخڕەویی نەکەم ئەوا دڵتەنگ دەبم".

گەشتەکە بەسەرپەرشتی ڕاهێنەر، فەرەح مورادسەلیمی ئەنجام دەدرێت و ڕێنمایی تەواوی گرووپەکە دەکات بۆ ئەوەی گەشتێکی تەندروست ئەنجام بدەن.

ڕاهێنەر، فەرەح مورادسەلیمی لەمبارەیەوە گوتی: "سەرەتا پێویستە هەموو کەسێک وەرزش ئەنجام بدات، ئینجا ئەوانەی تووشی نەخۆشییەک دەبن بە تایبەت شێرپەنجە، دەبێت وەرزشێکی ڕێکوپێک ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەر نەخۆشییەکەدا زاڵ بێت، خۆشبەختانە ژمارەیەکی زۆر لە تووشبووان چاکبوونەتەوە و بەردەوام گەشتی شاخەوانی و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەین و ئەمەش هیوایەکی نوێ بە هەموومان دەبەخشێت".

شاخی کونەقاژ دەکەوێتە بەری بالیسان و بەرزییەکەی ٢١٣٠ مەترە، شاخی خاسۆر دەکەوێتە نێوان دۆڵی بالیسان و دۆڵی مەلەکان بەرزییەکەی ٢١٠٥ مەترە، و، شاخەوانان بۆ شاخڕەویی و ئەنجامدانی چالاکی وەرزشیی سەردانی دەکەن و بووەتە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی گەشتیاریی.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın