ئەنتالیا
لەکۆبوونەوەیەکیدا پرۆفیسۆ دکتۆر ڕەمەزان سەڕی پسپۆر و مامۆستای پزیشکی لە زانکۆی ئاک دەنیز ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەی سەبارەت بەدابەزاندنی کێش ئاشکرا کرد و گوتی: پێویستە لەکاتی کێش دابەزاندن "رێجیم"دا رەچاوی ڕێنماییەکانی تەندروستی بکەین، نابێت کێش دابەزاندن بۆ ماوەیەکی کاتی بێ، بەڵکو دەبێت درێژخایەن بێت.
گوتیشی: رێجیمی قەڵەوەکان بۆ دووگروپ دابەش دەکرێ، گروپی یەکەم ئەوانەن لە رێجیمەکەیاندا تاکۆتایی بەردەوام دەبن و دەگەنە ئەو ئاستەی خۆیان دەیانەوێ، گروپی دووەم ئەوانەن لە نیوەی رێجیمەکەیاندا دەوەستن و لە ماوەیەکی کەمدا ئەو کێشەی کەمیان کردووە بەزیادەوە وەریدەگرنەوە.
ھەروەھا گوتی: ھەندێ کەس رێجیم دەکەن بەڵام ناتوانن کێشیان داببەزێنن، ئەوەش بۆ دوو ھۆ دەگەڕێتە، یەکەمیان ئەوەیە ئەو کەسە وەک سیحر دەڕوانێتە رێجیمکردن و دەیەوێت کتوپڕ کێشی دابەزێنێ، ھۆکاری دووەم ئەوەیە بەشێوەیەکی ناتەندروست رێجیم دەکات، ئەوەیش زیان بە جەستەی دەگەیەنێ.
بەر لەدەستپێکردنی رێجیم پێویستە کەسەکە سەردانی پزیشکی بواری کێش دابەزاندن بکات.
لەدرێژەی وتەکانیدا سەری گوتی: سەرەتا پێویستە پشکنینی گشتی بۆ جەستەی کەسەکە بکرێت، تابزانرێت ئایا چ ھۆکاریک دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی کێشی یان چ جۆرە نەخۆشیەکی ھەیە، ئەو کات دەتوانرێت پرۆگرامێکی کێش دابەزاندنی تەندروست بۆ کەسەکە دابنرێت، چونکە لەشی مرۆڤەکان جیاوازن، ناتوانرێت یەک پرۆگرام بۆ ھەموو کەسەکان دابنرێ، ئەوکەسەی دەیەوێت کێشی دابەزێنێت پێویستە ڕیگایەکی تەندروست و ڕاست بگرێتەبەر.
بەرلە دەستپێکردنی پڕۆگرامی رێجیمکردن پێویستە مرۆڤ لەڕووی دەرونیەوە خۆی بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادە کردبێ.
سەری جەختی کرد، پێویستە وەک چارەسەری کاتی سەیری رێجیم نەکرێت، بەڵکو دەبێ وەک گۆڕینی شێوازی ژیان سەیر بکرێ، ھەروەھا نابێت وەک سیحرێک بڕوانینە رێجیم، ناتوانرێ ئەو بارستە زۆرە لەماوەیەکی کورتدا ون بکرێت. وەک چۆن لەماوەیەکی زۆردا وەرتگرتووە، دەبێ لە ماوەیەکی درێژخایەن و بەپێی ڕێنماییەکان کێشە زیادەکە داببەزێنین. بۆیە ئەگەر دەتانەوێ کێشتان داببەزێنن سەرەتا دەبێت شێوازی ژیانتان بگۆڕن.