Muhammet Ali Kemal
03 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2016
ستۆکهۆڵم - AA
خەلاتی نۆبڵی پزیشکیی بۆ ساڵی ٢٠١٦، بەخشرایە زانای ژاپۆنیی یۆشینۆری ئۆسومی.
لە روونکردنەوەیەکدا کە لەلایەن لیژنەی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە بەهۆی کارەکانی ''لەبواری ئاشکراکردنی میکانیزمەکانی جیاکردنەوەی پێکهاتەکانی خانە و پرۆسەی ئۆتۆفاجی'' زانای ژاپۆنیی، یۆشینۆری ئۆسومی بە شایستە دانراوە بۆ ئەوەی خەڵاتەکەی پێببەخشرێت.
ئۆسومی بەهۆی کارەکانییەوە سەبارەت بە پرۆسەی ئۆتۆفاجی کە وەک خۆخواردنی خانەش دەناسرێت، جگە لەوەی بووە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، هەشت ملیۆن کرۆنی سویدی وەک دیاریی پێبەخشرا.
بڕیارە لە 10ی کانوونی یەکەمی داهاتوودا کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵرۆژی مردنی ئالفرێد نۆبڵدا، لە رێوڕەسمێکدا بڕوانامە و مەدالیای زێڕین ببەخشرێتە ئەو زانا ژاپۆنییە.
لیژنەی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵ سبەی سێشەممە ناوی ئەو کەسە ئاشکرادەکات کە بووەتە خاوەنی خەڵاتەکە لەبواری فیزیادا. رۆژی چوارشەممەش ناوی کەسایەتی براوەی خەڵاتی نۆبڵ لەبواری کیمیادا، هەروەها رۆژی هەینی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی و 10ی ئەم مانگەش خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئابووریی ئاشکرادەکرێت. بەڵام تاوەکو ئێستا وادەی ئاشکراکردنی خەڵاتی نۆبڵ لەبواری ئەدەبدا نازانرێت.
یۆشینۆری ئۆسومی لەساڵی 1945دا لە شاری فاکوکای ژاپۆن لەدایکبووە. لەساڵی 1974دا لەزانکۆی تۆکیۆ بڕوانامەی دکتۆرای بەدەست هێناوە.
ئۆسومی دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە زانکۆی رۆکفێڵەری نیویۆرک سەرگەرمی لێکۆڵینەوە بووە، گەڕاوەتەوە زانکۆی تۆکیۆ و لەساڵی 1988دا گرووپی کاری لەسەر میکانیزمەکانی ئۆتۆفاجی دروست کرد.
ئەو زانا ژاپۆنییە لەساڵی 2009ەوە تائێستا لە ئەنستیتیوتی تەکنەلۆجیی تۆکیۆ کاردەکات.