هەولێر.. دوو پڕۆژەی گۆڕینی وێستگەی کارەبا کرایەوە
وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان کەمال محەمەد ساڵح: "وەک ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێستادا ٧ هەزار مێگاواتە و ئەوەی لەناو کارکردندایە نزیکەی ٣ هەزار و ٥٠٠ مێگاواتە".
Arbil
هەولێر- AA
ئەمڕۆ دووشەممە، بە ئامادەبوونی وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەمال محەمەد ساڵح و پارێزگاری هەولێر فەرسەت سۆفی هەردوو پڕۆژەی گۆڕینی وێستگەی کارەبای گردجووتیار و عەنکاوە کرایەوە.
پڕۆژەی گۆڕینی وێستگەی کارەبای گردجووتیار لەلایەن کۆمپانیای مەلەکی لوبنانی بە گوژمەی ٣ ملیۆن و ٨١٤ هەزار و ٨٩٣ دۆلار جێبەجێکراوە، بەپێی دیزاینی وێستگەکە لە توانایدایە ١٦ فیدەری ١١ کەیڤی لێ دەربهێندرێت و لە ئێستادا ٤ فیدەری ١١ کەیڤی لێ دەرهێندراوە و پێنج فیدەرەکەی دیکەش لە کاتێکی دیکە و هەبوونی بوودجەی پێویست دەکەوێتە کار، بەپێی ئەم پڕۆژە نوێیە دەتوانێت چارەسەری بار زۆری بەشێک لە فیدەرەکانی بەحرکەی نوێ و دەوروبەری بکات.
وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەمال محەمەد ساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بۆ کردنەوەەی پڕۆژەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پڕۆژەیەکی وێستگەی کارەبای ٣٣ بۆ اا کەیڤی ییە و ٦٣ مێگاوات کارەبا دابین دەکات بۆ ئەو ناوچەیە، هەروەها پڕۆژەیەکی دیکەی هاوشێوەش لە عەنکاوە دەکرێتەوە".
کەمال محەمەد ساڵح گوتیشی: "ئەم دەڤەرە فراوان بووە و ئەمەش کێشەی بۆ کارەبا دروستکردووە، ئەم دوو پڕۆژەیە دەتوانێت بەشێکی زۆر لە کێشەکان چارەسەر بکات، چەند گرێبەستێکمان هەیە لەگەڵ کۆمپانیاکان، کە نزیکەی ١٠ وێستگە لە ژێر کارکردنە و مانگی داهاتوو رەنگە دوو وێستگەی دیکە تەواوبێت و ئەوانی دیکەش بەپێی توانا دەکەونەکار".
لەبارەی پێدانی کارەبای زیاتر بە هاووڵاتییان، کەمال محەمەد ساڵح گوتی: "وەک ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێستادا ٧ هەزار مێگاواتە و ئەوەی لەناو کارکردندایە نزیکەی ٣ هەزار و ٥٠٠ مێگاواتە، واتا ژێرخانمان هەیە بەڵام ئەوەی بووەتە رێگر کە ناتوانین سوود لەو بڕە کارەبایە وەرگرین، بابەتی سووتەمەنییە و هیوادارین کۆتایی ئەمساڵ رێژەی غاز زیاتر بێت و بتوانین کارەبای زیاتر بدەین".
وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد کە تا لە ھەرسێ پارێزگای ھەولێر، دهۆک و سلێمانی ٥٢ ھەزار و ٧٠٠ پێوەری زیرەک بەستراوە و پرۆژەکەش بەشێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێت.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، پارێزگاری هەولێر فەرسەت سۆفی گوتی: "ئێمە کێشەی بەرهەمێنانی کارەبامان نیە بەڵکو کێشەی گواستنەوەی کارەبامان هەیە، بۆیە ئێمە لە داهاتوو دەبێت گۆڕانکاری لە گواستنەوەی کارەبا بکەین و ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە کە لە ئایندەیەکی نزیک هەڵمەتێکی نەهێشتنی زێدەڕۆیی کارەبا رادەگەیەنیت و کۆمەڵێک شار هەیە کە پێوەری کارەبایان نەبەستووە و کارەباشیان هەیە و ئەمەش بارگرانی دروستکردووە، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەین".
وێستگەی کارەبای عەنکاوە بە گوژمەی ٣٤٧ ملیۆن و ١٩٣ هەزار و ٦٠٠ دینار لەلایەن کۆمپانیای رۆشنا لەماوەی ١٢٠ رۆژدا جێبەجێکراوە کە کە ٦ فیدەری ١١ کەیڤی لە وێستگەکە دەرهێندراوە بۆ چارەسەری بار زۆری ناوچەکانی جەژنیکان، گرد عەرەق، قادراوە، کۆمەڵگای هەرشەم، گەڕەکی ٣٢ی پاڕک، بەختیار و نازناز.