Ramal Abdullah Mahmood
04 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2017
قەتەر – AA
ئەو زنجیرە هاککردنەی قەتەر، بەحرێن و ئیماراتی کردە ئامانج و نیگەرانی لێکەوتەوە، ئەو ناوچەیەی کردە گۆڕەپانی هێرشەکانی سایبەر. وا دەردەکەوێت خاڵی یەکتربڕی ئەو سێ هێرشەی سایبەر لە ماوەی دە رۆژی رابردوو بۆسەر وڵاتانی کەنداو "ئێران" بێت.
بڵاوکردنەوەی هەواڵی هاککردنی هەژماری تویتەری وەزیری دەرەوەی بەحرێن، شێخ خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە و ئیمەیلی باڵیۆزی ئیمارات لە واشنتۆن یوسف ئەلعوتەیبە و ئاژانسی فەرمی قەتەر QNA، گفتوگۆی بەدوای خۆیدا هێنا.
بە تایبەت کە دوای هاککردنی هەژماری شێخ خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە پەیامی پڕوپاگەندەی مەزهەبی بڵاوکرانەوە و هێرش کرایە سەر سعوودیە و بەحرێن و گرتەی ڤیدۆییش بڵاوکرایەوە کە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لەو دوو وڵاتە دەکرد.
وەزارەتی دەرەوەی بەحرێن لەمبارەیەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردبووەوە، تیایدا هاتووە "هەژماری تویتەری وەزیری دەرەوەی بەحرێن، شێخ خالید بن ئەحمەد ئال خەلیفە لە لایەن تیرۆریستیانەوە هاککرا. ئەو شتانەی لەوێ بڵاوکراونەتەوە هیچ پەیوەندییان بە وەزیرەوە نییە. هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی هەژمارە هاککراوەکە. بە مەبەستی لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەو کەسە دزێوانەی بەم کارە هەڵستاون هەنگاوی پێویست گیراونەتە بەر".
لە رۆژنامەی زە ئینتەرسێپت ئاماژە بەوە دراوە هۆتمێڵی باڵیۆزی ئیمارات لە واشنتۆن، یوسف ئەلعوتەیبە لە لایەن گرووپێکی هاککەرەوە بەناوی گڵۆباڵ لیاکس بە بەکارهێنانی ئیمەیل ئەدرێسی رووسی هاککراوە.
رۆژنامەکە سەرنجی بۆ ئەوە راکێشاوە بەکارهێنانی ئیمەیل ئەدرێسێکی رووسی لەوانەیە لە ویستی هۆشداریدانەوە سەرچاوە بگرێت کە لە راستیدا رووسی نەبێت یاخود وای نیشان بدات کە سەر بە رووسیایە.
ئێوارەی ٢٣ی ئایار هێرشی سایبەر کرایە سەر ئاژانسی فەرمی قەتەڕی QNA و پەیامی "دژی ئەمریکا و پشتیوانی ئێران" لە دژی ئەمیری قەتەر، شێخ تەمیم بن حامد ئەلسانی بڵاوکرایەوە.
دوای ئەم هاککردنانە کەناڵەکانی راگەیاندنی سعوودیە و ئیمارات دەستییان کرد بە هەڵمەتی رەخنەگرتنی بێوێنە لە بەرامبەر قەتەڕ.
وێڕای ئەوەی راگەیاندنی قەتەری لە زاری زیاتر لە بەرپرسێکی باڵای قەتەری چەندین جار لێدوانیان دا و ئەمەیان بەدرۆخستەوە، بەڵام چەند خولەکێک دوای هاککردنی ئاژانسی هەواڵی قەتەر راگەیاندنەکانی سعوودیە و ئیمارات لێدوانەکانیان بەخێرایی بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوە دا کە هاککەران هەڵوێستی قەتەریان کردووەتە ئامانج و بۆ ئەوەی سیاسەتی دەرەوەی بگۆڕێت گەلەکۆمەکیەکی گوشارخستنیان بەرامبەر گرتووەتە بەر.