Rewa Mahmood Hasan
14 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2019
سلێمانی - AA
قوتابخانەی کورد جینیەس، بەمەبەستی بەرز ڕاگرتنی یادی ٢٣٥ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی، قوتابیانی خۆی هێنایە سەرشەقام و بە جلوبەرگی کوردی و بەئاڵای هەرێمی کوردستانەوە بەدەم چڕینی گۆرانی ئاوەدان سلێمانی، لە شەقامی مەولەوییەوە بۆبەردەم باخی گشتی رێپێوانیان ئەنجام دا.
بەهۆی چالاکیی قوتابیانەوە لە شەقامی مەولەوی، پۆلیسی هاتوچۆ رێگەی سەرەکی ئۆتۆمبێلیان لە شەقامەکە داخست و رێوشوێنی ئەمنی پێویست گیرابوویە بەر.
لە چالاکییەکەیاندا قوتابیان و مامۆستایانی ئەو قوتابخانەیە چەند پەیامێکیان لەرێگەی برۆشورەوە بڵاو کردەوە بەناو دانیشتوانی شاردا کە خۆی لەپەیامی پاک راگرتنی سیمای شەقامەکان و رێزگرتن لەمافی منداڵانی کرێکاردا دەبینییەوە.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوەبەری قوتابخانەی کورد جینیەس مامۆستا سۆزان رایگەیاند، خۆشەویستی شاری سلێمانی وای کردووە کە تەنیا لەم شارەدا دڵمان بکرێتەوە، بۆیە بڕیارماندا کە قوتابیەکانمان بهینینە ئێرە لەسەر شەقام بە هەڵپەڕکێی و رێڕۆیشتن بەئاڵای هەرێمی کوردستانەوە یادەکە بکەن و نمایش بکەن.
مامۆستا سۆزان ئاماژەی بەوەدا کە "پەروەردە هەر ئەوە نییە لە چوارچێوەی دیوارێکدا منداڵ قەتیس بکەیت، بەڵکو دەبێت بیانهێنیتە نێو کولتووری شارەکەت و خۆشەویستی شار و وڵاتیان لەدڵدا بچەسپێنیت، بۆ نموونە کاتێک قوتابیەکان دەهێنیتە سەر شەقام زۆر لە وە زیاتر فێر دەبن کە لە پۆلێکدا فێری دەکەیت لەبارەی خۆشەویستی خەڵک و شەقام و شار و وڵاتەوە".