پەرلەمانی توركیا
پەرلەمانتاری ئیستەنبوڵ لەسەر لیستی ئاک پارتی ھاکان شوکر دەستی لە ئەندامێتیی پارتەکەی کێشایەوە.
لەبارەی بریاری دەست لەکارکێشانەوەی لە ئاکەپە شوکر راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە:
"ئەوەی خاوەن ویژدان بێت دڵی ئازار دەخوا، بۆیە بەپێویستی دەزانم روونکردنەوە لەسەر بابەتێک بکەم، سیاسەت ھیچ کاتێک خواستی سەرەکیم نەبووە، بەڵام جوان نەبوو داواکاری رێزی بەرێز سەرۆکوەزیران و پۆستەکەی و کەسایەتی رەت بکەمەوە، بەپشتیوانی خێزانەکەم و نزاکانی ئەوان داواکاری بەرێز سەرۆکوەزیرانم قبوڵ کرد، ئاکەپە لە ماوەی ١١ ساڵدا توانی ھەنگاوی باش بنێ و پرۆژە و رێفۆرمی گرنگ بکا، بەڵام ئەو گفتوگۆیانەی لەبارەی داخستنی دەرسخانەکان دەکرێ، دڵی زۆر لە خاوەن ویژدانەکانی ئازارداوە. ناتوانم لەبەرێز سەرۆکوەزیران تێبگەم لەسەر پێداگری و داخستنی گوێیەکانی بۆ داواکاریەکان لەسەر ئەو مەسەلەیە، لەگەڵ ئەوەی فیداکاری بۆ ھەندێ لە بریارەکانی نواندوە."
شوکر لە درێژەی راگەیەنراوەکەیدا نووسیویەتی:
"تا ئەمرۆ ئومێدم پاراست و چاوەڕوانی ئەوە بووم لەبارەی مەسەلەی دەرسخانەکان گوێ بۆ داواکاریی مرۆڤە دڵسۆزەکان بگیرێ، لەلایەکی ترەوە وەسفکردنی دەرسخانەکان وەک رێکخستنەکانی کەجەکە کە خۆم یەکێک بووم لە خوێنکاری ئەو دەرسخانەیە و خۆلادان لە داوای لێبوردن و بێدەنگبوونی ئەندامانی پارت لەبەرامبەر ئەو شێوازە دەربرینەی سەرۆکوەزیران، بوویە ھۆی بریندارکردنی قووڵایی ویژدانم، بردنی ئەو گفتوگۆیانە بە ئاقارێکیتردا شتێکی ناخۆش بوو، زیاد لە ٢٠ ساڵە بەرێز مامۆستا فەتحوڵا گولەن دەناسم و خۆشم دەوێ، لەگەڵ پشتگیری بۆ رێفراندۆم پشتیوانی لەسەرجەم کارەکانی حکومەت دەکا، بەتایبەتی ئەوانەی خزمەت بەخەڵک دەکەن، دەرگا بەدەرگا دەگەڕاو خەڵکی رازی دەکرد، ھەمیشە لە نزاو پارانەوەدا بوو بۆئەوەی ئاکەپە دانەخرێ، ئێستا دوژمنایەتیکردنی ئەو مرۆڤە دڵسۆزانە بە دەربڕینێکی بچوک جگە لەبێ وەفایی ھیچ شتێکی تر نییە."
شوکر لەکۆتاییدا دەڵێ: "بەدرێژایی ژیانی وەرزشیم بەردەوام رووبەڕووی ئەو جۆرە ھەڵسوکەوت و شێوازانە بومەتەوە ، بۆیە راھاتووم، لە ساڵی ٢٠٠٢ ئەردۆغان پێی گوتم کە بەرێز مامۆستام خۆش دەوێ، لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتەوە ئیفادەم وەرگیرا وەک ئەمرۆ ھەمان شتم دووبارە کردەوە، بەئومێدێکی زۆرەوە چومە ریزەکانی ئاکەپە و ئەمرۆش بەدڵتەنگیەکی زۆرەوە دەست لەکار دەکێشمەوە، وەک پەرلەمانتارێک رایدەگەیەنیم بە بێلایەنی درێژە بەژیانی سیاسی دەدەم."