ماردین
وەزیری ناوخۆی تورکیا موعەمەر گولەر بەبۆنەی جەژنی قوربان، سەردانی ئاواییەکانی نزیک سنووری سوریای کرد و جەژنەپیرۆزەی لە ھاووڵاتیان کرد و لە گوتارێکدا ئاشکرای کرد لە ماردین و تەواوی ناوچەکە وەبەرھێنانی گەورە بەڕێوەیە:" لێرەدا مەیلی سیاسی ھەرچیەک بێ، ئەو خزمەتگوزاریەی لێرە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیەکان پێشکەش کراوە، رەنگدانەوەی بیروبۆچوونی دەوڵەتە."
گولەر پێیوایە ئەو ناوچەیە پێویستی بە ئارامییە: "ھەرچەندە بۆچوونە سیاسیەکان لێک جیاوازیش بن، ھەموویان سەر بەیەک ریشەن، ئەویش برایەتی و پێکەوەژیان و یەکێتیمانە. ریشەی ئەتنیکیمان ھەر چیەک بێ، ئەو کۆمارەمان بەیەکەوە دروست کردووە، تا ئەمڕۆ بەیەکەوە بەڕێوەمان بردووە، بە پشتیوانی خودا لەمەوداش بەیەکەوە بەڕێوەی دەبەین."
ئاماژەی بەوەش کرد زیانەکانی ٣٠ ساڵی رابردوو لە تورکیا رادەبەدەر زۆر بوون: "ئەوانەی گیانیان سپارد، ئەوانەی لەژیاندا ماون، فرمێسکی دایکان، ھەر ھەموویان ھیچیان بۆ تورکیا نەکرد. ئەوانە ھێزی ئێمەیان بەفیڕۆدا. لەگەڵ پڕۆسەی چارەسەری زەمینەیەکی ئاراممان ساز کرد. دەخوازین درێژە بەو ئارامییە بدەین. ئەوانەی دەخوازن پڕۆسەی چارەسەری تێکبدەن، باجی ئەو ھەوڵەیان دەدەن بەشێوەیەک لەژێر ئەو باجە ھەڵناسنەوە."
گولەر، ئاماژەی بەوەدا بەپێی راپرسیەکان ٩٠%ی ھاووڵاتیانی ناوچەکە پشتگیری لە پرۆسەی چارەسەری دەکەن، ئەمەش پەیامێکە بۆ پارتە سیاسیەکان و نوێنەرانیان.
ھەروەھا ئاماژە بە گرنگی پاکێجی پێنجەمینی چاکسازی دەکات و دەڵێ: "یەکێک لە ماددە گرنگەکانی ئەو پاکێجەیە دەربارەی پارتە سیاسیەکانە. بە دامەزراندنی پارتە سیاسیەکان دەست پێدەکات، تا دەگاتە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ و ھەموو جۆرە ئاسانکاریەک لەخۆ دەگرێ. بیانوو نادەتە ھیچ کەسێک بۆ ئەوەی رێگای توندوتیژی بگرێتەبەر."
گولەر لەدرێژەی قسەکانیدا بە پێویستی دەزانێ ھەموو کەس باوەڕ بەو پڕۆسەیە بکات: "ھەموو قەیرانی سوریا دەبینین. ئەگەر تورکیا بەھێز نەبێ ئەو ململانێیە ئێرەش دەگرێتەوە. ھەوڵێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی ئەو دەردە بگاتە ئێرە. دەبێ ئێمە بەبێ ئەوەی سازش لە دیموکراتی بکەین، برایەتی و بەیەکەوەبوونمان بپارێزین و درێژە بەو کارە بدەین."