Atakan Çelik
05 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 06 شوبات 2020
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند ''قەیرانی فڕۆکەکە کە لەگەڵ رووسیا دووچاری بووین ئێمە وەک ئاژاوەگێڕیەک دەیبینین کە فەتۆ دەستی تیادا ھەیە، بەلای ئێمەوە بابەتی سووریای ئاڵۆزتر کرد''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکەشیکرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دەستپێکی گوتارەکەیدا سەرخۆشی لە بنەماڵەی ئەو سەربازانە کرد کە لە پەلامارەکەی ئیدلب-دا گیانیان لەدەستدا، ھیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە بارەی چوونی سوپای تورکیا بۆ سووریا باسی لەوە کرد کە چەندین ساڵ ئارامیان گرت لەسەر ئەوەی تێکەڵی شەڕی ناوخۆی سووریا نەبن کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەستی پێکردووە و گوتی: "بەبێ ھیچ دودڵییەک دەرگامان بۆ چوار ملیۆن خوشک و برای سووریمان کردەوە کە لە شەڕ و پەلامارەکانی رژێمی ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکان ھەڵاتبوون. ئەم گەلە وەک چۆن بەدرێژایی مێژوو پشتی نەکردووەتە ستەملێکراوان لەئێستاشدا پشتی تێنەکردن، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ەوە قەیرانی سووریا بەتەواو لە کۆنترۆڵ دەرچوو، رژێمی ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکان دەستیانکرد بە بەزاندنی سنوورەکانمان و بوون بە ھەڕەشە بۆسەر گیان و ماڵی ھاووڵاتییانمان. ئەو قەیرانەشی بە پیلانگێڕی فەتۆ و بەھۆی خستنەخوارەی فڕۆکەیەکەوە لەنێوان ئێمە و رووسیا دروست بوو ھێندەی تر پرسی سووریای ئاڵۆز کرد، بەڵام ئێمە دەستەوەستان نەبووین لەبەرامبەر ئەم رووداوانەدا".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە دۆخی ئێستای پارێزگای ئیدلب رایگەیاند ''وەک چۆن رژێم بەرامبەر بە بچووکترین پێشێلکاری گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن، بە ھێرشی قورس بەرپەرچی دەدایەوە کە مەدەنیشی دەکردە ئامانج، ئەوا پێشێلکارییەکانی رژێمیش بەرامبەر ھێزە سەربازییەکان بە شێوەیەکی گونجاو بەرپەرچ دەدرێتەوە''.
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: ''لە سووریا پابەند نابن بە رێککەوتنەکانەوە. ئەو ھێرشەی دوو رۆژ پێش ئێستا کرایە سەر سەربازانمان بەلای تورکیاوە ھاتنە ئارای قۆناغێکی نوێیە لە سووریا''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە تورکیا ھەرچیەک بکات لەسەر بنەمای زیان نەگەیاندن بە گیان و ماڵی کەسانی بێ تاوان ئەنجامی دەدات و گوتی: ''ئەو رێگایەی شارستانییەت و کولتوورمان نیشانی داوین پانکردنەوەی سەری ستەمکار و باھاناوەچوونی بێتاوانە''.
سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند "ئەوەی دەڵێن 'تورکیا چ ئیشێکی لە سووریا ھەیە؟' یان بێئاگایە یان خۆویستانە دوژمنایەتی ئەم گەل و وڵاتە دەکات".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەروەھا گوتی: "بەڕێز کڵچدارئۆغڵو کە دەڵێیت 'ئێمە چ ئیشێکمان لە سووریا ھەیە' بڕۆ بزانە لەسەر بەڵگەنامەی 'پەیماننامەی میللی' واژووی کێ ھەیە. تۆ ھەمیشە دەڵێیت 'جەھەپە پارتی ئەتاتورکە'، بەڵام خۆت ئاگات لەوە نییە کە پارتی کێیە".
سەرکۆماری تورکیا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ھەر کاتێک پێویستیان بە ھێزەکانی ئاسمانیی و زەمینی ھەبوو ئەوا سوپای تورکیا لە ھەموو ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنەکانماندا و لە ئیدلب بە شێوەیەکی سەربەست دەتوانێت جووڵە بکات، ئەگەر پێویست بکات ئۆپەراسیۆنیش بەڕێوەدەبات و گوتی: ''لەبەر ئەوەی ئاسایشی سەربازانمان لە ناوچەی ئیدلب دەستەبەر ناکرێت، کەواتە کەس ناتوانێت تانە بدات لەوەی خۆمان مافی دەستەبەرکردنیمان ھەیە''.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەیش کرد کە ھەر ھێرشێک بکرێتە سەر سەربازەکانیان یان ئەو دۆستانەیان کە پێکەوە کار دەکەن بەبێ ھیچ ئاگادارکردنەوە و تێڕوانین لە سەرچاوەی ھێرشەکە، وەک خۆی وەڵامی دەدەنەوە و گوتی: ''ئێمە ھیچ نیاز، مەبەست و خواستێکمان نییە بۆ رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ھیچ ھاوپەیمان و دۆستێکماندا، لەگەڵ ھیچ وڵاتێکدا''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەروەھا سەبارەت بە ھەڵوێستی رووسیا لەبارەی رەوشی سووریا،رایگەیاند ''تاکە چاوەڕوانیمان لە رووسیا ئەوەیە باشتر لە ھەستیارییمان لە سووریا بگات''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بەناو پلانی ئاشتیی ترەمپ بۆ خۆرھەلاتی ناوەڕاست رایگەیاند کە تاکە ئامانج لەو پلانەی کە راگەیەندراوە، شەرعییەتدانە بەو سیاسەتە داگیرکاری، رووخێنەر و زەوتکردنەی ئیسرائیل کە ماوەی ٧٠ ساڵە بێ پچڕان بەردەوامە و گوتی:
''ھەرگیز پشتیوانی لە پلانێک ناکەین کە خوشک و برایانی فەڵەستینیمان رازی نەبن لەسەری''.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە یاسای رێگاکردنەوە لەبەردەم دادگاییکردنی ئەو سەربازانەی کە تاوان ئەنجام دەدەن لە بەردەم دادگاکانی مەدەنیدا، ئەردۆغان رایگەیاند ''سەرۆک ئەرکانێکی پێشووتر کە ناو بە ناو بە ھەڵسەنگاندنە ھەڵەکانی دەردەکەوێت، بە بیانوی ئەم چاکسازیە کۆمەڵێک لێدوانی داوە کە ئەنجوومەنەکەمان تێکڕا تۆمەتبار دەکات. ئێستا من رووی قسەکانم بەتایبەتی دەکەمە فراکسیۆنەکەمان و دەڵێم: ھەمووتان بەپەلە دەبێت سکاڵا تۆمار بکەن بۆ پاراستنی مافی پەرلەمان. دەسەڵاتی یاسادانانی پەرلەمان مافی کەسانێک نییە لە دەرەوە''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەروەھا گوتی: "بانگەشەی ھەبوونی دەستی فەتۆ لە دەرکردنی پڕۆژەیاسایەکدا کە ١١ ساڵ لەمەوبەر و بە پشتیوانی سەرجەم پارتە سیاسییەکان پەسەندکراوە، بێڕێزییە بە پەرلەمانی تورکیا".