ئەنقەرە
سەرۆكی گشتی پارتی گەلی كۆمار-جەھەپە كەمال كڵچدارئۆغڵو لە بارەی رووداوەكانی ئەم دواییەی توركیا بە تایبەت لەبارەی دەستوەردانەكانی ئاك پارتی لە دەزگا دادوەرییەكاندا گوتی: "دەوڵەتی توركیا بە خێرایی لە دەوڵەتی یاسایی دوور دەكەوێتەوە، دەسەڵاتی جێبەجێكار (ئەنجومەنی وەزیران) دەست دەخاتە ناو كاروباری دادگا، دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمان. كاتێك داواكارێك لە بارەی گەندەڵییەوە لێكۆڵینەوە دەكا و ئەنجامەكانی ئاشكرا دەكا، سەرۆكوەزیران دەڵێ ئەمە كاری داواكار نییە."
كەمال كڵچدارئۆغڵو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە دەسەڵاتی توركیا لە گەندەڵییەكی یەكجار گەورە تێوەگڵاوە بۆیە لەگەڵ دەستپێكردنی ھەڵمەتی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی سەری لێ شێوا. ئەو بارودۆخەی كە ئەمڕۆ توركیا تێیدایە، ئابڕووچوونی توركیایە، توركیا لە بەرچاوی جیھان ئابڕووی چووە. دەسەڵاتی توركیا پشتگیری لە گەندەڵكاران دەكا، داواكارەكان لە سەر كار و پۆستەكانیان لا دەدا.
سەرۆكی جەهەپە لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "دەمەوێ بانگەوازێك ئاراستەی پەرلەمانتارە دڵسۆزەكانی ئاك پارتی بكەم، ئێوە دڵسۆزانی توركیان، خەڵك دەنگی پێتان داوە و بە دەنگی خەڵك بووین بە دەسەڵات، ئێمە ھیچ كات دەسەڵاتی ئاك پارتیمان بە نا شەرعی لە قەڵەم نەداوە، چونكە لە چوارچێوەی یاسا و بەدەنگی خەڵك بووە بە دەسەڵات، بەڵام دوای دەركەوتنی ھەڵمەتی بەگژداچوونی گەندەڵی، ھەڵوێستی جەھەپە لە بەرامبەر ئاك پارتی گۆڕانكاری بەسەردا ھات، چونكە سەرۆكوەزیران ھەر چەند بۆی روون بووەتەوە كە چەند وەزیرێكی تێوەگڵاوی گەندەڵین، بەڵام سوورە لە سەر بەرگریكردن لێیان. شتی سەرنجڕاكێش ئەوەیە كە وەزیرێك دەڵێ بە ئاگاداری سەرۆكوەزیران ئەو گەندەڵییە ئەنجام دراوە، بۆیە ئەگەر پێویست بكا یەك دەستلەكار بكێشێتەوە ئەوا دەبێ تۆ دەستلەكار بكێشیتەوە. ئەمە گوتەی وەزیرێكە بۆ سەرۆكوەزیران، مانای ئەو گوتەیە زۆر گرانە."
كڵچدارئۆغڵو لە بەردەوامی قسەكانیدا ئاشكرایكرد كە پێویستە بە بیری دەستەڵاتی ئاك پارتی و پەرلەمانتارەكانی بھێنمەوە كە بۆ دژایەتی كردنی گەندەڵی خەڵك دەنگی پێیان داوە و بوون بە دەسەڵات، ساڵەكانی ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣ بە بیری خۆتان بھێننەوە، كۆمیتەی دژایەتی كردنی گەندەڵی دامەزرا، من بۆ خۆم ئەندامی ئەو كۆمیتەیە بووم، ئەگەر سەیری بارودۆخی ئەمڕۆی توركیا بكەین بۆمان ئاشكرا دەبێ كە میراتی گەندەڵی حكوومەتانی پێشووی توركیا بۆ حكومەتی ئاك پارتی ماوەتەوە.