ئەنقەرە
سیاسەتوانی کورد کەمال بوركای، سەرۆکی پارتی ماف و ئازادی -ھاکپار لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی حیزبەکەی گوتی: "ماوەیەکە چەکەکان بێدەنگن و کۆمەڵگەیش ھەوڵ بۆ دۆزینەوەی رێچارەی ئاشتییانە دەدا. ئەمە دەرفەتێکەو نابێ لە دەستی بدەین، پێویستە پەکەکە سور بێ لە سەر چەک دانان دەوڵەتیش ھەنگاوی بە پەلە بنێ بۆ چارەسەری پرسی کورد."
بوركای تێڕوانین و سیاسەتی پارتەکەی خستەڕوو لەبارەی ھەلومەرجی ئێستای تورکیاو گوتی: "سیاسەتی ھاکپار ئەوەیە مافی مرۆڤ و جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ وەکو خۆی لە تورکیا جێبەجێ بکرێ، دیموکراسییەت بە پێی ستانداردەکانی یەکێتی ئەوروپا پێڕەو بکرێ. ریفۆرم و گۆڕانکاریی پێویست کە لە لایەن یەکێتی ئەوروپایەوە داوای ئەنجامدانیان کراوە بێنە ئەنجامدان."
بوركای لەبارەی کێشەی کورد لەتورکیا جەختیکردەوە ئەوان وەکو ھاکپار داوای چارەسەری ئاشتییانەی ئەو پرسە دەکەن: "بەھۆی چارەسەرنەکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد، گەلانی تورکیا زیانێکی زۆری ماڵی و گیانیاندا. شەڕی ٤٠ ساڵەی رابردوویش یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی چارەسەر نەکردنی پرسی کورد."
کەمال بوركای گوتی: "ھەر وەکچۆن گوشار و نکوڵیکردن لەنەتەوە ناتوانێ ببێتە چارەسەر، ئاوایش شەڕ و توندوتیژیی ناتوانێ کێشەکان چارەسەر بکات. ماوەیەکە چەکەکان کپ بوون کۆمەڵگە داوای رێچارەی ئاشتییانە دەکا. ئەمە دەرفەتێکی زۆر باشە نابێ لە کیسمان بچێ."
بوركای بانگەوازییکرد لە پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیا کە سوربن لە سەر بێ دەنگکردنی چەکەکان: "پەکەکە رژد بێ لەسەر چەک دانان و دەوڵەتیش بۆ چارەسەری پرسی کورد بە پەلە گۆڕانکاریی پێویست ئەنجامبدات."
بوركای باسی پرسی عەلەوییەکانیشی کرد و گوتی: "پرسێکی دیکەی تورکیا پرسی عەلەوییەکانە و ئەو پرسەیش تەنیا لە چوارچێوەی یەکسانی و دادوەریدا چارەسەر دەکرێ. دەبێ داواکارییە رەواکانی عەلەویی قەبووڵ بکرێن، ئاین بۆ ھەمووان ئازاد بکرێ و نابێ دەوڵەت لە سەر بنەمای ئاینی لە نێوان ھاووڵاتییاندا جیاوازیی بکات."
بوركای رایگەیاند: ئەگەر ئەو دوو پرسە پرسی کورد و عەلەویی لە تورکیا چارەسەر بکرێن، ئەوا ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر تورکیادا دەکێشێ و ئاستی دیموکراسییەتی تورکیایش بەرزتر دەبێتەوە. بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە تورکیا زەمینە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانی دیکە خۆش دەکا.