ئەنقەرە
لە 28ی ئابی 2014 ماوەی سەركۆماری ئێستای توركیا عەبدولڵا گول كۆتایی دێ، كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی باڵاش لە توركیا رێكەوتی خولی یەكەمی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار وەك 10ی ئابی 2014 جێگیر كرد، ئەگەر ھەڵبژاردنەکە بۆ خولی دووەم بمێنێتەوە، لە 24ی ئابدا بەڕێوە دەچێ.
یەكەم جارە لە توركیا راستەوخۆ سەرۆکی کۆمار لە رێی دەنگدانی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێ.
بۆ تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار، تا 3ی تەمووز سەعات 5:00 بە كاتی توركیا، ناوی کاندیدەکان قبوڵ دەكرێن.
لەم چوارچێوەیەدا یەكەم ناو لە 29ی حوزەیران لە لایەن جەھەپە و مەھەپەوە بە كاندیدێكی ھاوبەش تۆمار كرا. ھەردوو پارت ئەكمەلەدین ئیحسانئۆغڵویان وەك كاندیدی خۆیان دەستنیشان كرد.
رۆژی دواتر، ھاوسەرۆكی گشتیی ھەدەپە لە لایەن حزبەكەیەوە وەك كاندیدی سەرۆكایەتی كۆمار دەستنیشان كرا.
ئاكپارتیش، سەرۆكە گشتییەكەی کە رەجەب تەیب ئەردۆغانە، وەك كاندیدی سەركۆماری دەستنیشان كرد.
بەم پێیە ئەگەر تا 3ی تەمووز كاندیدێكی دیكە دەستنیشان نەكرێ، ھەر سێ كاندید، سەرۆكی گشتیی ئاكپارتی و سەرۆكوەزیرانی ئێستای توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سکرتێری گشتیی پێشووی رێکخراوی هەماهەنگی ئیسلامی ئەكمەلەدین ئیحسانئۆغڵو و ھاوسەرۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی گەلان سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار كێبڕكێ دەكەن.