Ramal Mahmood
11 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 12 شوبات 2017
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئانتۆنیۆ گوتێرێس گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی هەنگاونانی پێویست لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار ئیبراهیم کاڵن لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەردۆغان و گۆتێرێس راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
کاڵن ئاماژەی بەوە دا کە یەکەم سەردانی فەرمی گۆتێرێسە وەک سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تورکیا. گۆتێرێس لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە دابوو کە یەکەمجار وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لە حوزەیرانی ٢٠١٥ لەگەڵ سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەتەوە و سوپاسی خۆیانی ئاراستەی تورکیا کردووە بەهۆی دەستکراوەیی و میوانداریکردنی پەنابەران.
کاڵن تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە گۆتێرێس ئاماژەی بەوە داوە تورکیا وڵاتیکی هەرە گرنگی نەتەوە یەکگرتووەکانە. بە ستایشکردنیشەوە باسی لە رۆڵی پێشەنگایەتی تورکیا کردووە بە تایبەتی لە پڕۆژەی هاوپەیمانی شارستانیەتییەکان و گروپی دۆستایەتی ناوبژیوانان. گۆتێرێس ئاماژەی بەوە داوە کە تورکیا رۆڵی کلیل دەبینێت لە چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی ناوچەکە. تیشکیشی خستە سەر گرنگی بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی ئاستانە و جنێف لە هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا و پەیامی "بۆ هێنانەدی چارەسەری سیاسیی پێکەوە کار بکەین" بە سەرکۆمار گەیاند.
سەرکۆمار ئەردۆغان و گۆتێرێس لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کردووە. لەمبارەیەیشەوە بەمەبەستی هەنگاونانی پێویست گەیشتنە رێککەوتن. ئەردۆغان-یش تیشکی خستە سەر ئەوەی بەردەوام دەبن لە پشتیوانییەکانیان بۆ دانووستانەکان بۆ هێنانەدی چارەسەرێکی دادپەروەر و یەکجارەکی کێشەی قوبرس.
کاڵن لە راگەیەندراوەکەدا تیشکیشی خستە سەر ئەوەی هەردوولا پشتگیری چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین ئیسرائیلیان کردووە بە دامەزراندنی دوو دەوڵەت، تیایشیدا هاتووە: "سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێس گەیشتنە رێککەوتن لە هەنگاونانی پێویست لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. لە کۆبوونەوەکەدا ئەردۆغان سەرنجی راکێشا بۆ گرنگی رۆڵی چالاکانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری سەقامگیری و ئاشتی نێودەوڵەتیدا و لەم چوارچێوەیەدا چاکسازی بە تایبەتی لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا بە پێویست زانی".