Cemil Murat Budak,Ramal Abdullah Mahmood
18 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2017
ئەنقەرە – AA
سوپای تورکیا لەمیانی ئۆپەراسیۆنەکانی دوێنێیدا لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا ١٦ چەکداری پەکەکەی کووشت کە لەنێویاندا چەند چەکدارێک لە لیستی سەوز و خۆڵەمێشی داواکراواندان.
سوپای تورکیا لەمبارەیەوە راپۆرتی زانیارییەکانی بڵاوکردووە و ئاماژەی بەوە داوە دوێنێ لە ناوەوە و دەرەوە ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر چەکدارانی پەکەکە و ئامانجەکانیان ئەنجامداوە.
لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا لە ناوچەی زاپ شەش چەکداری پەکەکە کە لە ئامادەباشی دابوون بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکانی سنوور و بنکە سەربازییەکان کوژران هەروەها لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی نێروە و رێکان پێنج چەکداری دیکەی پەکەکە کوژران.
لە قەزای شەنیایڵای سەر بە پارێزگای ئەرزەڕۆم سێ چەکدار کە دووانیان لە لیستی سەوز و خۆڵەمێشی داواکراواندابوون کوژران، لە ئاکامی پێکدادانێکیش لە قەزای شەمزینانی سەر بە پارێزگای هەکاری چەکدارێک و لە قەزای لیجەی سەر بە دیاربەکریش چەکدارێک کوژران، بەمجۆرە رێژەی چەکدارە کوژراوەکان گەیشتە ١٦ کەس.
لەلایەکی دیکەشەوە لە قەزای پەرواری سەر بە پارێزگای سیرت دوو چەکداری پەکەکە خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کرد.