Halil İbrahim Sincar,Mehmet Arif Altunkaynak
19 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2023
ماردین - AA
لە ئاکامی پەلامارێکی چەکدارییدا بۆسەر ئۆتۆمبێلێک لە پارێزگای ماردین، پێنج هاووڵاتیی خەڵکی پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستان، گیانیان لەدەستدا.
لە ناوچەی یەنیکۆی رێگای ئارتوکڵو-نسێبین، لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێکی نەناسراوەوە، هێرشی چەکداریی کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک کە تابلۆکەی پارێزگای دهۆکە.
دوای رووداوەکە، تیمەکانی جەندرمە و تەندروستی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
لە پەلامارەکەدا سێ کەسی ناو ئۆتۆمبێلەکە گیانیان لەدەستدا کە بریتی بوون لە؛ هەندرێن عەبدوڵڵا ساڵح (٣٩ ساڵان)، واحیدە حەیدەر جاسم (٦٣ ساڵان)، عەبدوڵڵا ساڵح مستەفا (٦٩ ساڵان)، دوو کەسی دیکەش بە ناوهكانی چیمەن شاهین خالید (٧٥ ساڵان) و ئەحمەد جەلالەددین ئیبراهیم (٤٥ ساڵان) برینداربوون.
تیمەکانی تەندروستیی بریندارەکانیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی نسێبین و سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، یەکێک لە بریندارەکان کە چیمەن شاهین خالیدی (٧٥ ساڵان) بوو، گیانی لەدەست دا.
ئەحمەد جەلالەددین ئیبراهیم کە برینداری پەلامارەکە بوو و برینەکەی سەخت بوو، لە نەخۆشخانەی گشتیی میدیات دوای چارەسەری بەرایی گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فەتحی ساکین شاهیر لە ئەلعەزیز.
هەروەها جەلەلاددین ئیبراهیم، سەرەڕای هەموو هەوڵەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
- چوار گومانلێکراو پهیوهست به پەلامارەکە دەستگیرکران
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن پارێزگای ماردین-ەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە لێکۆڵینەوە سەبارەت بەو رووداوە تراجیدییهكه، درێژەی هەیە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان هەر یەک لە م.ش. ، ف. ئا. ، ئا.ی. و ئا.ک. کە گومانلکێراوی رووداوەکەن بە فەرمانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماریی ماردین دەستگیرکراون. لێکۆڵینەوەی ورد سەبارەت بە رووداوەکە بەردەوامە".
- "ناکۆکیمان لەگەڵ هیچ کەسێکد نییە"
لە نەخۆشخانەی فێرکاری ماردین توێکاری بۆ تەرمی کوژراوەکان بەردەوامە.
کەسوکاری کوژراوەکان لە بەردەم نەخۆشخانەکە کۆبوونەوە و بە کوردی لاواندییانهوه.
مویەسسەر عەبدوڵڵا ساڵح، کە دایک و باوکی و خوشکی لە رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوە کرد خانەوادەکەی لەکاتی چوونیان بۆ سامسون تووشی ئەو پەلامارە بوونەتەوە.
مویەسسەر عەبدوڵلا ساڵح، باسی لە خەم و ماتەمی خۆی کرد و گوتی: "دایکم، باوکم و خوشکێکم لەم رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە. ماڵی برایەکم لە سامسونە. سەردانی ئەویان دەکرد. هەموو ساڵێک سێ بۆ چوار جار سەردانی دەکەن، ١٠-١٥ رۆژ دەمێننەوە و دەگەڕێنەوە. ئەمجارەیان لە کاتی چوونیان لە عێراقەوە بۆ سامسون ئەو رووداوە روویدا. ناکۆکیمان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە".
- گرتەی ڤیدیۆیی هەر پێنج کوژراوەکە پێش پەلامارەکە بینرا
گرتەی ڤیدیۆیی ئەو پێنج کەسەی کە لە پەلامارەکە گیانیان لەدەستدا لە کاتی پشوو وەرگرتن لە خۆرادنگەیەکی سەر رێگا بەدیکرا.
بەپێی ئەو گرتانەی کە لە کامێراکانی چاودێریی خواردنگەکەدا تۆمار کراوە، ئۆتۆمبێلێک لە بەردەم خواردنگەکە دەوەستێت و پێنج کەس لە ئۆتۆمبێلەکەدا دادەبەزن و دەچنە نێو خواردنگەکەوە.
لە بەردەوامیی گرتەکاندا ئەو پێنج کەسە لە خواردنگەکە دەردەچن و دەچنەوە نێو ئۆتۆمبێلەکەیان.