باتمان
لەگەڵ بەردەوامبوونی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا، گەڕانەوەی هاوڵاتییانی ناوچە كوردییەكان بۆ سەر زێدی خۆیان درێژەی هەیە. لەو چوارچێوەیەشدا هاوڵاتییان كە ماوەی 22 ساڵە لە بارودۆخێكی نالەباردا لە پارێزگاكانی دیكەی توركیا ژیان دەگوزەرێنن لە ئیستادا بەدڵخۆشییەوە روو دەكەنەوە گوندەكانی خۆیان.
حەسەن توران، موختاری گوندی ئۆزلەر (عیلۆزێ)ی سەر بە شارۆچكەی كەرجەوسی باتمان لە لێدوانێكیدا بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند: لە ساڵی 1992دا 60 خێزان لە گوندەكەدا هەبوون بەڵام بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانەوە بەناچاری گوندەكەیان چۆڵ كرد. لەگەڵ دەسپێكی پڕۆسەی ئاشتی و رەوێنەوەی كێشەكانی ناوچەكە، هاوڵاتیان دەستیان كرد بە گەڕانەوە بۆ گوندەكانیان.
توران ئاماژەی بەوەش كرد، تا ئێستا 25 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ گوندەكە، كە بە كاری كشتوكاڵییەوە خۆیان سەرقاڵ كردووە، لەبەر ئەوە دڵخۆشین بە پڕۆسەی ئاشتی و داوا دەكەین بەردەوامی هەبێت.
توران ئەوەشی خستەڕوو، كە منداڵان و گەنجانی گوندەكە بەردەوامن لەسەر خوێندن و روو لە گوندەكانی دەورووبەر دەكەن، گوتیشی: "خوێندن واتا بەختەوەریی، 11 منداڵم هەیە، چواریان خوێندكاری زانكۆن، چواریان لە قۆناغی ئامادەیی و ناوەندین. ئامۆژگاری هەموو كەسێك دەكەم بە منداڵەكانیان بخوێنن."
هاوكات توران ئەوەشی خستەڕوو، كە بوونی كێشەی ئاو لە گوندەكەدا گەڕانەوەی گوندنشینانی هێواش كردۆتەوە، ئەوەشی گوت: "ئەگەر كیشەی رێگاوبان و ئاو چارەسەر بكرێت ژمارەی خێزانە گەڕاوەكان لە گوندەكەیاندا دەگاتە 50 خێزان".