دیاربەکر
وەزیری دادی تورکیا بەکر بۆزداغ لە میانی سەردانێکێ بۆ دیاربەکر، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئایە بۆ قۆناغی چارەسەریی ئەم مانگە چ جۆرە ھەنگاوێک دەنرێ ؟ گوتی: "قۆناغی چارەسەریی بەشێکە لە بەرنامەی حکومەت و ئەو بەرنامەیە جێبەجێ دەکرێ، چونکە قۆناغەکە پێشکەشی پەرلەمان کراوە و پەرلەمان رەزامەندی لەسەر دەربڕیوە و بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژە یاسایەک ئامادە و پەسەندکراوە، بۆیە قۆناغی چارەسەریی زیاتر لەوەی سیاسەتی حکومەتە ھاوکات سیاسەتی خەڵکیشە."
بەکر بۆزداغ گوتیشی: "دەبینین کە لەم قۆناغەدا ھەوڵ بۆ نانەوەی ئاژاوە ھەیە، بەڵام ئەو پرسانەی کە لەگەڵ قۆناغەکەدا وردە وردە دەردەکەون چارەسەر دەکرێن و بەو جۆرە قۆناغەکە بەرەوپێشەوە دەڕوا و ئەو ھەنگاو و ھەڵوێستە باشانەی لەناو قۆناغەکەدا نیشان دەدرێن دەبنە رێگەخۆشکەر بۆ باشتر بەرەوپێشەوەبردنی قۆناغی چارەسەریی، لەمەودوا نەخشەڕێگەی قۆناغەکە پێشکەش دەکرێ و بە باشی جێبەجێ دەکرێ و کاتی جێبەجێکردنی ئەو نەخشەڕێگەیە نزیکبووەتەوە."
بۆزداغ بەو جۆرە درێژەی بە قسەکانیدا: "ئێمە ئاواتەخوازین ئەو قۆناغە دەستکەوتی باشی بۆ تورکیا ھەبێ و ھەنگاوە تایبەتەکانی قۆناغی چارەسەریی دەبنە رێگەخۆشکەر بۆ سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی تورکیا. بێگۆمان لەم قۆناغەدا ھەوڵدان بۆ نانەوەی ئاژاوەش دەبێ، ئەو شتانە دەبینین و ھەموو کەسێکیش دەزانێ کە ئەو جۆرە ھەوڵانە دەدرێ، داخستنی رێگەکان، رفاندنی خەڵک، سوتاندنی ئۆتۆمبیل و ئامرازەکانی دیکە بۆ ئەوەی لە ناوچەکەدا سەرمایەگوزاری نەکرێ، بەکارھێنانی ھێز لە بەرامبەر خەڵک ئەمانە ھەموویان جۆرە ھەوڵدانێکن بۆ تێکدانی قۆناغی چارەسەریی و بە ھیچ شێوەیەک دەرفەت نادەین ئەو جۆرە ھەوڵدانانە سەرکەوتووبن."
بۆزداغ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "دانیشتووانی ناوچەکە دەیانەوێ ئەو ئاشتی و ئارامییەی کە بەھۆی قۆناغی چارەسەرییەوە باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە بەردەوام بێ، ئەوەی نیازپاک بێ بەو پەڕی دڵسۆزی و نیازپاکی خۆیەوە داوای بەردەوامیدان بە قۆناغەکە دەکا، پێویستە ئەو کەسانەش پاڵپشتی قۆناغەکە بکەن و خۆیان لە ھەموو جۆرە ھەوڵدانێک کە ببێتە ھۆی تێکدانی قۆناغەکە بەدوور بگرن، چونکە ئەو قۆناغە تەنیا بە ئەنقەرە یان دیاربەکر بەڕێوەنابرێ، بەڵکو پێویستی بە ھاوکاری و پشتگیری ھەموو تورکیا ھەیە. پێویستە ھەموو کەسێ بزانێ کە خەڵکی تورکیا بەوپەڕی توانای خۆیەوە پشتگیری لە قۆناغی چارەسەریی دەکا. چەند کەس و لایەنێکیش لە دژی ئەو قۆناغەن بەڵام زۆرینەی کۆمەڵگە پشتگیری لە سەرخستنی قۆناغی چارەسەریی دەکا."
بۆزداغ لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو ھەنگاوانەی پێویستە لەم قۆناغەدا جێبەجێ بکرێن، لە یاسای قۆناغی چارەسەریدا دەستنیشانکراون و لە چوارچێوەی ئەو یاسایەدا گۆڕانکارییەک ئەنجامدراوە و دوای ئەو گۆڕانکارییانەش ھەنگاوی پێویست جێبەجێ دەکرێن و گوتی: "بۆیە تا ئەو کاتەی ناوەڕۆکی ئەو ھەنگاو و کارانە دەستنیشان نەکرێ، ناتوانم ھیچ جۆرە لێدوانێک لەوبارەیەوە بدەم. چونکە بۆ پاراستنی سەلامەتی قۆناغەکە بڕیار دراوە ئەو ھەنگاوانەی جێبەجێ دەکرێن دوای جێبەجێکردنیان بۆ رای گشتیی ئاشکرا بکرێن، حاڵی حازر ھەوڵەکان بە ھەموو شێوەیەک بەردەوامن بەڵام بۆ ئاشکراکردنیان ھێشتا زووە، پێشتر قۆناغی چارەسەریی لە لایەن بەشیر ئاتالایەوە سەرپەرشتی دەکرا، بەڵام حاڵی حازر راستەوخۆ لە لایەن سەرۆکوەزیرانەوە سەرپەرشتی دەکرێ."