ئەنقەرە
بە پێی پاکێجی نوێی دیموکراتیزەکردنی تورکیا سیستەمی سەرۆکایەتی پارتەکان دەگۆڕدرێت و دەبێتە سیستەمی ھاوسەرۆکی، دەبێ ھەر پارتییەک خاوەن دوو ھاوسەرۆ بێ. مەرجی دامەزراندنی نووسینگە یان لقی پارتەکان لە ناوچە یا شارێک بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی ئەو ناوچە یا شارە ھەڵوەشێنرایەوە. بۆ وەرگرتنی ھاوکاری مادەی دەوڵەت لە لایەن پارتە سیاسییەکانەوە مەرجی بەدەست ھێنانی رێژەی سەدا ٧ی دەنگەکان بۆ سەدا ٣ دابەزیوە.
بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی جەماوەری، رێپیوان و خۆپیشاندان لە شار یا لە ناوچەیەک، دەبێ بیروڕای سەرۆک شارەوانی، پارتە سیاسییەکان و رێکخراوە پێشەییەکان و سەندیکاکان وەربگیردرێ، شوێنی خۆپیشاندان یا ئەنجامدانی رێپیوان لە لایەن بەرپرسی کاروباری ئیداری ئەو ناوچەیەوە دەستنیشان دەکرێ. ئەو شوێنانەی خۆپیشاندان و رێپیوان تێدا ئەنجام دەدرێ دەبێ لە سەر وێب سایتی قایمقام، پارێزگار و رۆژنامەی ھەرێمی ئەو ناوچەیەوە بڵاو بکرێتەوە. ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانەی لە شوێنە گشتییە کراوەکاندا ئەنجام دەدرێن پێویستە پێش کۆتایی ھاتنی رۆژ، كۆتایی پێ بهێنرێ و لە شوێنە گشتییە داخراوەکانیشدا ئەنجام دەدرێن دەبێ سەعات ھەشت کۆتاییان پێ بهێنرێ.
پێکھاتە جیاجیاکانی تورکیا لە چوارچێوەی یاسای پەروەردەی تایبەتیدا دەتوانن بۆ پەروەردە یا فێربوونی زمانی زگماکی خۆیان قوتابخانە و شوێنی تایبەتی بکەنەوە، ئەو زمان و زاراوانەی لەو قوتابخانەیەدا پەروەردەیان پێ دەکرێ لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستنیشان دەکرن. پەروەردە بە زمانی زگماکی مافێکی بنەڕەتی ھەر کەسێكه، بۆیە یاسا سزای ئەو کەسانە دەدا ئاستەنگی بخەنە بەردەم بەکار ھێنانی ئەو مافە و سزاکەیشیان گرانتر دەبێ. لە نێوان دوو تا پێنج ساڵ سزا بهسهر ئهو كهسانهدا دهسهپێنرێ كه ئاستەنگ لهبهردهم پرۆسەی پەروەردە لەو شوێنانەی لە لایەن حکومەت یا کاربەدەستانەوە دەستنیشانکراون دروست دهكهن، یان دوور لە یاسا گوشار بخەنە سەر قوتابییان بۆ ئەوەی لەو شوێنانەدا بەشداری لە پرۆسەی پەروەردە نەکەن.
بۆ وەرگرتنی وردەکاریی زیاتر (ھەواڵ، وێنە، ڤیدیۆ) ببن بە ئابوونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.