ئەنقەرە
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی مەھەپە (پارتی نەتەوەپەرەستی تورکیا) (یوسف حەلاجئۆغڵو) رایگەیاند: بۆ کردنەوەی دەرگاکانی مزگەوتی ئەیاسۆفیا بۆ عیبادەتکردن پرۆژە یاسایەکمان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە.
یوسف حەلاجئۆغڵو گوتی" مزگەوتی ئەیاسۆفیا لە ساڵی ١٤٥٣ کاتێک ئیستەنبۆڵ لە لایەن (فاتیح سڵتان محەمەدەوە فەتح)ەوە کراوە، شوێنی عیبادەت بووە بەڵام لە یەکی شوباتی ساڵی ١٩٣٥ تا ئەمڕۆ وەکو موزەخانە سودی لێوەردەگیردرێ."
یوسف حەلاجئۆغڵو رایگەیاند: ئەو مزگەوتە بە گشتی ئاسەوارێکی بیناسازی تورکیایە و بۆ ماوەی ٤٨١ ساڵ وەک مزگەوت دەرگاکانی بۆ عیبادەت کراوە بوون، بەڵام بە بڕیارێک لە شوباتی ساڵی ١٩٣٥ەوە کراوە بە موزەخانە و ئەو بڕیارەیش لە لایەن ھیچ رۆژنامەیەکی رەسمی تورکیاوە بڵاو نەکراوەتەوە و ھیچ جۆرە تۆمارێکی فەرمیش لەو بارەوە لە بەردەستدا نییە.
حەلاجئۆغڵو گوتی" مزگەوتی ئەیاسۆفیا ماوەی ٤٨١ ساڵ دەنگی بانگی لێ بیسراوە، وەک سیمبولی فەتح کردنی ئیستەنبۆڵە، بەڵام بەبێ ھیچ یاسا و رێسایەک عیبادەتکردن لەو مزگەوتە قەدەغەکراوە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەرگاکانی ئەو مزگەوتە بۆ عیبادەت بکرێنەوە پرۆژە یاسایەکمان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کردووە."