Fakhradin Ibrahim Mohammad
31 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2023
هەولێر - AA
پارێزگاری شرنەخ، عوسمان بیلگین رایگەیاند کە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تیایدا ژمارەیەک کارمەندی دەروازی سنووریی خابوور مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵ هاووڵاتییان کردووە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەمان لە رووداوەکە کرد و سەرەتا دوو کارمەندی پەیوەندیدار بە رووداوەکەمان لە ئەرکەکانیان دوور خستەوە.
عوسمان بیلگین لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی رووداوێکی ناو دەروازی سنووریی خابوور گوتی: "دوای زانینی رووداوێکی مامەڵەی نەشیاوی کارمەندانی دەروازی سنووریی خابوور لەگەڵ هاووڵاتییان، دەستبەجێ رێکارمان گرتە بەر و دوو کارمەندی سەرپێچیکارمان لە کارەکانیان دوور خستەوە".
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، دەبیندرێت چەند کەسێک لە لایەن ژمارەیەک کارمەندی دەروازی سنووریی خابوورەوە مامەڵەی نەشیاویان لەگەڵ دەکرێت و ئەوەش دەستبەجێ کاردانەوەی پارێزگار و کاربەدەستانی پارێزگای شرنەخ-ی لێکەوتەوە.