27 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2019
ئیستانبوڵ - AA
جێگری سه‌ركۆماری توركیا، فوئاد ئۆكتای ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد ژماره‌ی ئه‌و بینایانه‌ی كه زیانیان به‌ركه‌وتووه تا ئێستا له رێگه‌ی هێڵی گه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی ئیداره‌ی كاره‌سات و دۆخی له‌ناكاو راگه‌یه‌نراون ٤٧٣ بینایه و زۆربه‌شیان ئه‌و بینایانه‌ن كه درزی ئاساییان تێدا درووستبووه.
فوئاد ئۆكتای سه‌رۆكایه‌تیی كۆبوونه‌وه‌ی پلانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كاره‌سات له توركیای كرد، كه له ناوه‌ندی ئافاد له ناوچه‌ی هاسداڵ به به‌شداریی وه‌زیری ناوخۆی وڵاته‌كه‌ی، سوله‌یمان سۆیڵو، وه‌زیری ژینگه و شارسازیی، مورات كوروم، پارێزگاری ئیستانبوڵ، عه‌لی یه‌رلیكایا، سه‌رۆكی ئافاد، مه‌همه‌ت گوللوئۆغڵو و به‌رپرسانی دیكه به‌ڕێوه‌چوو.
ئۆكتای باسی له‌وه‌كرد تیمی هه‌ماهه‌نگیی كه پاش بوومه‌له‌رزه‌كه به فه‌رمانی سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان دامه‌زراوه، هه‌میشه له ئاماده‌باشیدایه، به‌درێژایی رۆژ به‌رده‌وامه له كاره‌كانی و رایگه‌یاند: ''سوپاس بۆ خوا دوێنێش كاره سه‌ره‌تاییه‌كانمان كرد، زیانێكی به‌رچاومان نییه. به‌ڵام ئێمه ئه‌وه‌مان كرده هه‌لێك و ئه‌مڕۆش بۆ چاوخشاندنه‌وه به ئاماده‌كارییه‌كانمان بۆ داهاتوو كۆبووینه‌وه به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی كاره‌كان''.
تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش چه‌ند زانیارییه‌ك ده‌خاته‌ڕوو به‌مه‌به‌ستی نوێكردنه‌وه و رایگه‌یاند: ''تا ئێستا هه‌موو دامه‌زراوه‌كانمان به‌رده‌وامن له كاره‌كانیان. به‌تایبه‌تی كاتێك له‌م ناوه‌نده‌وه ته‌ماشا ده‌كه‌یت ٥٥٦ هاوڕێ و كارمه‌ندمان به‌رده‌وامن له كاره‌كانیان له‌چوارچێوه‌ی دیارییكردنی زیانه‌كان، ده‌سته‌به‌ركردنی په‌ناگه و خۆراك. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و ژماره‌یه زۆر له‌وه زیاتره به‌ڵام من باس له‌و ژماره‌یه ده‌كه‌م كه به كردار له ناوه‌نده‌كه‌دا كارده‌كه‌ن. له لایه‌كی دیكه‌وه ته‌واوی ئه‌و زانیارییانه‌ی له هاووڵاتیانه‌وه پێمان ده‌گات له‌لایه‌ن كارمه‌ندانی ناوه‌نده‌كه‌وه تۆمار ده‌كرێت و یه‌كه په‌یوه‌ندیداره‌كانمان لێكۆڵینه‌وه‌ی لێده‌كه‌ن و رێوشوێنی پێویستی بۆ ده‌گیرێته‌به‌ر. ژماره‌ی ئه‌و بینایانه‌ی كه زیانیان به‌ركه‌وتووه تا ئێستا له رێگه‌ی هێڵی گه‌رمی سه‌رۆكایه‌تی ئیداره‌ی كاره‌سات و دۆخی له‌ناكاو راگه‌یه‌نراون ٤٧٣ بینایه و زۆربه‌شیان ئه‌و بینایانه‌ن كه درزی ئاساییان تێدا درووستبووه''.
- ''له ماوه‌ی سێ رۆژدا به ئه‌نجامی كۆتایی له‌باره‌ی ١٤ خوێندنگه‌كه ده‌گه‌ین ''
جێگری سه‌ركۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد گرووپی كاری دیارییكردنی زیان له وه‌زاره‌تی ژینگه و شارسازیی لێكۆڵینه‌وه‌یان كردووه له‌باره‌ی ئه‌و بینایانه‌ی زیانیان به‌ركه‌وتووه و ئه‌نجامه‌كانیش له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و خاوه‌ن بیناكان به‌شده‌كه‌ن.
گوتیشی: ''٥٥ خوێندنگه‌مان هه‌یه كه زانیاری دراوه له باره‌ی ئه‌وه‌ی زیانیان به‌ركه‌وتووه، ته‌واوی ئه‌وانه كۆنترۆڵكراون. له‌نێو ئه‌وانه‌شدا بڕیار له لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد دراوه له‌سه‌ر ١٤ خوێندنگه‌یان. له‌و ١٤ خوێندنگهیهشدا ئه‌مڕۆ پشوو راگه‌یه‌نراوه. له‌و حه‌وت هه‌زار و ٤٦ خوێندنگه‌ی دیكه كه ماوه‌ته‌وه وه‌ك دوێنێ باسمان كرد هیچ هۆكارێكمان به‌دینه‌كردووه بۆ راگه‌یاندنی پشوو. هه‌روه‌ها له‌نێو ئه‌و ١٤ خوێندنگهیهشدا وه‌زاره‌تی ژینگه و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌یه‌كه‌وه سه‌رقاڵی كارن و له ماوه‌ی سێ رۆژدا به ئه‌نجامی كۆتایی ده‌گه‌ین. دووباره روونكردنه‌وه ده‌ده‌ین له‌و باره‌یه‌وه''.
فوئاد ئۆكتای باسی له‌وه‌كرد، له‌و بینایانه‌ی له ئه‌نجامی كاری لێكۆڵینه‌وه له زیانه‌كان چۆڵكراون ٣٤ هاووڵاتیی بریندار هه‌بوون و رایگه‌یاند: ''له‌لایه‌ن دامه‌زراوه پهیوهندیدارهكانمانهوه میوانداریی هه‌موو هاووڵاتییانمان ده‌كرێت. دوای بوومه‌له‌رزه‌كه له كۆی ٣٤ هاووڵاتیمان كه برینداربوون ١٠یان چاره‌سه‌ركردنیان درێژه‌ی هه‌یه و ٢٤هكهی دیكه نه‌خۆشخانه‌یان جێهێشتووه''.
گوتیشی: ''له دوای بوومه‌له‌رزه‌ی یه‌كه‌مه‌وه ١٨٨ پاشله‌رزه تۆماركراوب كه به‌هێزترینیان گوڕه‌كه‌ی ٤،١ پله بووه، یه‌كه په‌یوه‌ندیداره‌كانمان له ئاماده باشیدان و سات به سات چاودێری پێشهاته‌كان ده‌كه‌ن''.