Ramal Mahmood
24 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
وەزیری دادی تورکیا، بەکر بۆزداغ ئاماژەی بەوە دا کە بەمەبەستی رادەستکردنەوەی سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ)، فەتحوڵڵا گولەن لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئەمریکییەکان بەڵگەی نوێ دەخەنەڕوو.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو بەرنامەی سەردانەکەی بۆزداغ بۆ ئەمریکا لەبارەی پرسی رادەستکردنەوەی گولەن روونبووەتەوە.
وەزیری داد، بەکر بۆزداغ سبەی سێشەمە دەچێتە ئەمریکا و کاتژمێر ٢٣:٠٠ی رۆژی چوارشەممە (بەکاتی تورکیا)، لەگەڵ وەزیری دادی ئەمریکا، لۆریتا لینچ کۆدەبێتەوە.
بۆزداغ لە کۆبوونەوەکەدا زانیاری دەدات لەبارەی ئەو چوار دۆسیەی کە بەمەبەستی رادەستکردنەوەی گولەن رەوانەی ئەمریکایان کردوون. شایانی باسە لەمیانی لێپرسینەوە لەبارەی دۆسییەکانەوە بەڵگە و زانیاری نوێیان دەخرێتە سەر.
بۆزداغ بەڵگە و زانیاری گرنگ دەدات بە هاوتا ئەمریکیەکەی لەبارەی فەرمانکردن و بەڕێوەبردنی هەوڵی کودەتا خوێناوییەکە لەلایەن سەرۆکی تیرۆریستان گولەن. هەروەها ویستی دەستگیرکردنی کاتی فەتحوڵڵا گولەن لەبارەی هەوڵی کودەتا شکسخواردووەکە کە ١٠ی ئەیلوول بۆ ئەمریکان نارد دەهێنرێتە بەرباس.
بۆزداغ بەبیری هێنایەوە کە تورکیا و ئەمریکا لەسەر ئەوە رێککەوتوون تاوانباران رادەستی یەکتر بکەنەوە، جەختیشی لەوە کردبووەوە کە پێویستە سەرۆکی تیرۆریستان گولەن بەشێوەی کاتی دەستگیر بکرێت.