ئەنقەرە
لەکاتی کردنەوەی ناوەندی کەلتووریی MEKAM لەشاری ئەنقەرە، وەزیری بەرگریی تورکیا عیسمەت یەڵماز بەشدارییکردو گوتەیەکی پێشکەشکرد.
یەڵماز لە بەشێکی قسەکانیدا باسی سترانبێژی کورد شڤان پەروەری کرد و گوتی: "شڤان یەکێکە لە بەھا گەورەکانی تورکیا، وڵاتەکەمان بە شڤان پەروەرەکانەوە زیاتر دەوڵەمەند دەبێ لە بواری کەلتورییەوە."
لەو رێوڕەسمەدا عودی یەرڤانت، سترانبێژی ئەرمەنی بەشداربوو، یەرڤانت ساڵانێکی زۆر لە ئەمریکا ژیانی بەسەر بردو ئێستا لەسەر داوای حکومەتی تورکیا گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا بە گوتنەوەی گۆرانیەکی موناجات بەناوی "من یەعقوبێک بووم" ئامادەبووانی سەرسامکرد .
عیسمەت یەڵماز وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژە بەوەدا ھەم شڤان پەروەرەکان و ھەم یەعقوبەکان کوڕو نەوەی ئەم وڵاتەن و بەشێکن لە بەھا گرنگەکانی ئەم وڵاتە، ئەم وڵاتە بە کەسانی وەک ئەوانەوە دەوڵەمەندە.
یەڵماز گوتی: "با لە بری ھەزار گوڵ، ھەزارو یەک گوڵ لە باخەکەماندا ھەبێ. تورکیا پردی ھەموو پێکھاتەکانی ناوچەکەیە ئەگەر لە سەید رەزای دەرسیم بپرسی ئەوا دەڵێ من خوراسانیم، پیر سوڵتان عەبداڵ یش ھەر لە خۆراسانەوە ھاتووە. مەوڵاناش لە بەڵخەوە ھاتووە، لە پێناو زیاتر دەوڵەمەندبوونی تورکیا پێویستە دەرگا بەڕووی خوراسانی و قەوقاسی و سەرجەم کەلتوورەکانی ناوچەکەدا بکەینەوە تاکو زیاتر دەوڵەمەند بین."