ژووری بازرگانی و پیشەسازی شاری وان بۆ ئەوەی نانی بەیانیانی وان کە وەکو سیمبۆلی شارە بکرێتە مارکە، هەوڵەکانی چڕ کردۆتەوە.
نانی بەیانی لە وان کە خەڵکی ناوچەکە پێی دەڵێن "تاشتی" بریتییە لە پەنێرێک کە سێ جۆر گیای بۆنداری تێکەڵ دەکرێ و لە نێو کەرەدا سوور دەکرێتەوە، بۆتە ھۆی ناوداربوونی نانی بەیانیانی شاری وان.
نەجدەت تاکڤا، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" لە رابردوودا کەس ھەوڵی بۆ بەمارکە کردنی نانی بەیانیانی وان نەداوە، بۆیە ئێمە دەستمان بە ئامادە کردنی مەرجنامەی تەکنیکی نانی بەیانی وان کرد. بۆ ئەوەی بکرێ بە مارکە سەردانی ئەنیستیتۆی یاتەنتی تورکیامان کرد. نانی بەیانیانی شاری وان نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە جیھانیشدا ناسراوە بۆیە دەمانەوێ بیکەین بە مارکە و بخرێتە ژێر گەرەنتییەوە."
دوای بڕیاری ئەنستیتۆی پاتەنت، ئەو خواردنانەی کە تەندروست نین و بەیانیان بەناوی نانی بەیانی وان دەفرۆشرێن، قەدەغە دەکرێن.
تاکڤا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا ئەگەر نانی بەیانیانی وان بکرێتە مارکە، ئەوا کێبڕکێ لە شارەکەدا دەست پێ دەکا. بۆ باشترکردنی نانی بەیانیانی وان، بەردەوام دەبن و دوای وەرگرتنی مەرجنامەی تەکنیکی نانی بەیانیانی وان، دەخرێتە ژێر گەرەنتییەوە.
وا بڕیارە درێژترین سفرەی نانی بەیانی لە وان ئامادە بکرێ. تاکڤا لەم بارەیەوە گوتی: "لە وان جادەیەکی زۆر خۆش و درێژمان ھەیە کە حەفت کیلۆمەتر درێژە، لە سەر ئەو جادەیە سفرەی نانی بەیانی رادەخەین، بۆ ئەو مەبەستە دەستمان بە ئامادەکاریی پێویست کردووە و دەمانەوێ سفرەیەک ئامادە بکەین کە ٣٠ ھەزار کەس بتوانن لە سەری نان بخۆن."