Ramal Abdullah Mahmood,Abdullah Shukur
16 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2017
پەرلەمانی تورکیا - AA
سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، دەولەت باخچەلی رایگەیاند: "گەلی خۆشەویستمان بە ئیرادەی مەزنی خۆیان چوونە سەر سندووقەکان و بۆ هاتنە دی سیستەمی سەرۆکایەتی بە ویستی ئازادانەی خۆیان دەنگیان دا. ئەمە سەرکەوتنێکی گرنگە، دەستکەوتێکە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت و نکۆڵی لێ بکرێت".
باخچەلی لە بارەگای گشتیی مەهەپە چاودێری ئەنجامی گشتپرسییەکە دەکات، لەبارەی ئەنجامەکانیشەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە کە گەلی تورک بە درێژایی مێژوو لە ئەزموونی دیموکراسیدا ژیرانە مامەڵەی کردووە، لەسەر سندووقەکانیش ئیرادە و پێشبینی خۆی خسەروو. تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە بەشداریکردن بەم رێژە بەرزە لە پرۆسەی گشتپرسییەکەدا لە سایەی کەشی ئاشتی و ئارامییەوەیە.
لە راگەیەندراوەکەی باخچەلیدا هاتووە: "گەلی خۆشەویستمان بە ئیرادەی مەزنی خۆیان چوونە سەر سندووقەکان و بۆ هاتنە دی سیستەمی سەرۆکایەتی بە ویستی ئازادانەی خۆیان دەنگیان دا. ئەمە سەرکەوتنێکی گرنگە، دەستکەوتێکە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت و نکۆڵی لێ بکرێت. گەلی تورکیای مەزن وەک تاکە خاوەنی سەروەری، لەبارەی داھاتووی وڵاتەکەی قسەی کۆتایی خۆیان کردووە و پشتگیریان لە سەربەخۆیی کردووە. پێویستە ھەموو کەسێک رێز لەمە بگرێت. لە دڵەوە پیرۆزبایی ئەم ئەنجامە لە گەل، وڵات، دیموکراسی تورکیا و پارتە سیاسییەکان دەکەم. لەگەڵ دەرچوونی دەنگی 'بەڵێ' بەپێی ئیرادەی گەل، قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسیمان دەستی پێکرد".
باخچەلی ھیوای خواست ھەموو کەسێک بەرپرسیارانە ھەڵسوکەوت بکات. گوتیشی: "تورکیا ھی ھەموومانە. ئەرکی ھاوبەشی ھەموومانە داھاتووی تورکیا بپارێزین. پیرۆزبایی لە گشت ئەندامانی پارتەکەمان دەکەم کە لە قۆناغی ھەڵمەتی بانگەشە بۆ گشتپرسی گۆڕانکاری دەستوور لە ١٦ی نیسان، فیداکارنە کاریان کردووە. ھاوکات سوپاسگوزاری خۆم ئاراستەی سەرکۆمار ئەردۆغان، سەرۆکوەزیران، ئەندامانی ئاک پارتی و گشت گەلی تورکیا دەکەم کە بۆ دەرچوونی دەنگی 'بەڵێ' ھەوڵی خۆیان داوە".