وێب سایتی سی ئین ئین بە مانشێتی (لە ھەڵبژاردنی ھەرێمیدا ئەردۆغان سەرکەوتنی راگەیاند) باسی ئەنجامی ھەڵبژاردنی تورکیای کردووە و بەشێکی گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی تورکیای بڵاو کردۆتەوە. لەو ھەواڵەدا باسی ئەوە کراوە کە ئەردۆغان سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی بە سەرکەوتنی دیموکراسیەتی تورکیا لە قەڵەمداوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ھەواڵەدا ھاتووە کە لە سندوقدا ئەردۆغان شمشێری عۆسمانی لە ئۆپۆزسیۆن داوە و ھەڵبژاردنی ھەرێمی لە تورکیا وەک تاقی کردنەوەی ھێزی ئەردۆغانە.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی بلاویکردووەتەوە کە پارتییەکەی سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا بووه یەکەم، سەرەڕای گەندەڵی و ئاستەنگەکان ئاکپارتی توانی بە ئاسانی ببێتە یەکەمی ھەڵبژاردن.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ھەواڵەدا ئاماژە بەوە کراوە کە رووداوهكانی ئەم دوایەی تورکیا زۆر کەم کاریگەرییان لە سەر کاریزمای ئەردۆغان کردووە و بەو جۆرە بۆ مانەوەی ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا زەمینە خۆش کراوە.
ئای بی سی کە ھەواڵی ئاپی وەرگرتووە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەردۆغان سەرکەوتنی رەھای بەدەستھێناوە.
لە ھەواڵێکی بلۆۆمبەرگدا ئاماژە بەوە کراوە ئەردۆغان سەرکەوتنی بەدەستھێنا و گوتوویەتی واز لە خائێن و خیانەتکارەکان ناھێنێ. دەسەڵاتی ئەردۆغان لە سەردەمی ئاڵۆزترین قەیراندا توانی سەرکەوتن بەدەستەوە بھێنێ، لە ساڵی ٢٠٠٢ تا ئەمڕۆ ئاکپارتی لە ھەموو ھەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستھێناوە.
رۆژنامەی والستریت جۆڕناڵیش ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو ھەڵبژاردنەی کە بۆ ئاکپارتی وەکو ریفراندۆم بوو، ئاکپارتی توانی تێیادا سەرکەوتوو بێ و ئەو سەرکەوتنە زەمینە خۆشکەرە بۆ ئەوەی ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرکۆماری خۆی ئامادە بکا.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزیش لە ھەواڵێکی خۆیدا باسی ئەوەی کردووە کە سەرەڕای رووداوەکانی وەکو پارکی گەزی و پرسی گەندەڵی و چەندین پرسی دیکە، بەڵام ئاکپارتی توانی جارێکی دیکە لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا سەرکەوێ.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ھەواڵەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دەنگدەرانی ئاکپارتی بە چاوی رێفراندۆم لە سەر ١١ ساڵەی دەسەڵاتی ئاکپارتی سەیری ئەو ھەڵبژاردنە دەکەن بۆیە ئاکپارتی توانی سەرکەوتنێکی بەھێز بەدەستەوە بێنێ، ئەردۆغانیش لە سایەی ئەو سەرکەوتنەدا خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماری ئامادە دەکا و بە گۆڕینی چەندین یاسا پارتەکەی بۆ جاری چوارەم دەبێتەوە دەسەڵات.
رۆژنامەی لۆس ئهنجلۆس تایمزیش باسی ئەوەی کردووە کە سەرەڕای پرسی گەندەڵی و بڵاوکردنەوەی تۆمارە جیاجیاکان، پارتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا سەرکەوتنی بەدەستھێنا.
گۆڤاری تایمیش باسی ئەوەی کردووە لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا ئاکپارتی توانیویەتی سەرکەوتنێکی بە بڕیار بەدەست بێنێ، ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پشتگیری لە ئەردۆغان دەکەن کە بتوانێ زۆر بە ئاسانی رووبەرووی پرس و کێشەکانی ئەم دواییە ببێتەوە و چاونهتهرسیهكی زۆریش بە ئەردۆغان دەدەن بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری.