ئهنقهره
بارش سوڵو كاندیدی هەدەپە لە شاری ئەسكیشەهیر و تاكی (LGBTI) واتە (ژنانی هاورەگەزخواز(لێزبیان)، پیاوانی هاورەگەز خواز(گەی)، كەسانی هەردوو رەگەزخواز (بایسێكشواڵ)، ئەو كەسانەی رەگەزیان گۆڕیوە (ترانسجێندەر) و خاوەن دوو رەگەز (ئینتەرسێكس)) لە لێدوانێكدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند لە ساڵی 1998ەوە تا ئێستا لەبواری مافی تاكە (LGBTI)یەكان كاردەكات و لەو كۆمەڵانەدا بوونی هەبووە كە چالاكییان بەو ئاراستەیەدا ئەنجام داوە.
بارش سوڵو ئاماژەی بەوەكرد دوای ئەوەی داواكاری كاندیدبوون بۆ پەرلەمانتاری لەلایەن هەدەپەوە پێگەشتووە لەگەڵ خۆشەویستەكەی و خانەوادەكەیدا لەوبارەیەوە گفتوگۆی كردووەو گوتی:"من كەسێكی كراوەم لەگەڵ خانەوادەكەمدا، هاورەگەزخوازێكی نهێنی نیم. گەورەترین پشتیوانیم لەلایەن خانەوادە و خۆشەویستەكەمەوە بەدەستهێنا، دوای ئەوەش قۆناغەكە بەرەوپێش چوو. لەگەڵ هاوڕێیانم لە هەدەپە
گفتوگۆم كرد، ژمارەیەك دۆستم هەیە بیرۆكەی زۆرم لەوان وەرگرت".
سوڵو كە كاندیدی ژمارە 6ی هەدەپەیە لە شاری ئەسكیشەهر وێڕای ئەوەی رایگەیاند كە ئەو لەبواری سیاسەتدا كەسێكی نوێ نییە، گوتیشی: "ماوەی 17 ساڵە لەبارەی تاكە (LGBTI)یەكانەوە كاردەكەم. هەر لەبەر ئەوەش كە كاتێك دەڵێم 'من لێرەم' بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی واتە دەستم بە سیاسەت كردن كردووە. من لەو كاتەوە دەستم بە سیاسەت كردن كردووە كە وتوومە 'من هاورەگەزخوازم، لەم وڵاتەدا دەژیم و ناڕۆم بۆ هیچ شوێنێك، لێرە دەست بە خەبات دەكەم'".
سوڵو ئاماژەی بەوەكرد لە حاڵەتێكدا ئەگەر سەركەوتنی بەدەستنەهێنا لەوەی بێێتە پارلەمانتار ئەوا بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بۆ تاكە (LGBTI)ییەكانی دیكە رێگەی خۆش كردووە و گوتی: "لە هەڵبژاردنەكانی چوار ساڵی داهاتوودا، شتی زۆر جیاواز دێنە ئاراوە. لەوانەیە تەنها پیاوێكی هاورەگەزگواز نا، بەڵكو ژنێكی هاورەگەزخوازیش ببێتە كاندید، یان كەسێك كە رەگەزی خۆی گۆڕیوە، چوار ساڵی دیكە ئەمە بۆ شتێكی زۆر جیاوازتر دەگۆڕێت''.
سوڵو ئەوەی بیرهێنایەوە كە لە سەردەمی كۆنگرەی دیموكراتی گەلان (هەدەكە)وە لە نێو هەدەپەدایە و گوتی: "هەدەپەم هەڵبژارد چونكە تاكە (LGBTI)ییەكان لە سەرەتاوە بوونیان لە پارتەكەدا هەبووە و گرووپێك نین دواتر هێنرابێتنە ناو پارتەكەوە. لە سەردەمی هەدەكەدا بەڕێز ئەرتغروڵ كوچوك كاتێك وتەیەكی پێشكەش كرد بە 22 زمانی جیاواز گوتی ' ئێمە لێرەین، سڵاوتان لێبێت، بەخێربێن' چونكە لەم وڵاتەدا كەسانێك دەژین كە بە 22 زمانی جیاواز قسە دەكەن، لەو قۆناغەدا تاكە (LGBTI)ییەكانیش لەوێ بوون، هەموو ئەو ناسنامە جیاوازە لەوێ پێكەوە بوون. واتە هەر لەسەرەتاوە بوونیان هەبووە''.
سوڵو ئاماژەی بەوەكرد جەهەپەش لەبارەی تاكە (LGBTI)ییەكانەوە زۆر كاریكردووە و گوتی: "لەبەر ئەوەی ساڵانیكی زۆر چالاكی بوای (LGBTI) ئەنجام دەدەم، كەسێكم كە زۆر هاتوچۆی پەرلەمانم كردووە. بەمەبەستی باسكردنی كێشەكانمان چەندین كۆبوونەوەم ئەنجامداوە، جەهەپە زۆر پێشنیازی تاوتوێ كردنی ئەو بابەتەی كردووە، هەدەپەش زۆر پێشنیازی تاوتوێ كردنی ئەو بابەتەی كردووە، جگە لەم دوو پارتەش بەداخەوە هیچ پارتێكی دیكە نییە پشتیوانی ئەو بۆچوونە بێت كە دەڵێت 'ئەم مرۆڤانە رووبەڕووی جیاكاری دەبنەوە' ".
سوڵو ئاماژەی بەوەشكرد چاوەڕوانی ئەوەی دەكرد جەهەپە كاندیدێكی (LGBTI) هەبێت بەڵام نەیدیوە كە هەیانبێت، ئەو پارتەی كە كاندیدیان هەیە پارتی ئانادۆڵون و كاندیدەكەیان لە شاری ئیزمیرە.
سوڵو گوتیشی: "دوای ئەوەی تەلەفۆنێكی لە ناوەندی گشتی هەدەپەوە بۆ هاتووە زانیویەتی كە بووەتە كاندید و رایگەیاند" دەمیرتاش خۆی باسی مافەكانی تاكە (LGBTI)ییەكان دەكات و وتوویەتی 'ئەگەر ئەمە مەترسی بێت ئەوا ئێمە ئەو مەترسییە لەئەستۆ دەگرین'، ئەمە جگە لەوەی لەنێو هەدەپەدا لیژنەی (LGBTI) هەیە. هاوشێوەی لیژنەی ژنان و لیژنەی لاوان لیژنەی (LGBTI)یش هەیە. لە دۆخی درووستكردنی دیالۆگدان. ئێمە راگەیەنراوی هەڵبژاردنمان هەیە، لەو راگەیەنراوەدا بەشێكی تێدایە بەناوی ''ئێمە پەلكەزێڕینەین''، نامیلكەیەكە كە بەسەر هەموو شارەكاندا دابەشكراوە و هەموو پارتەكان خوێندوویانەتەوە''.
بارش سوڵو كاندیدی هەدەپە ئاماژەی بەوەكرد رێژەی لە سەدا 85ی دانیشتوانی توركیا حەزیان لە چارەی تاكی (LGBTI) نییە و گوتی: "زۆر لە دیاربەكر بووم، لەوێ ژینگەیەكی جیاواز هەیە. بۆچوون لەبارەی هاورەگەزخوازەكانەوە بۆ هەركوێیەك بچن ناگۆرێت، لەوانەیە ئەم قۆناغە ببێتە هۆی نەرمبوونەوەی ئەم بۆچوونانە و ببێتە هۆی ئەوەی زیاتر لە مافەكانمان بگەن. ئێمە دەكوژرێین، مافی ژیانمان هەیە، باسی ئەم شتانە دەكەین. دەلێن ناتوانین فێربین، لە خوێندنگەكان دەكرێینە دەرەوە، سەركوت دەكرێین. كە دەچینە نەخۆشخانە تووشی شتی دیكە دەبین. ناتوانین كار بدۆزینەوە. مرۆڤەكان ناچاردەكرێن شتی دیكە ئەنجام بدەن، وایان لێدەكرێت دەخرێنە نزمترین ئاستی كۆمەڵگەوە. هەوڵ دەدەین سەبارەت بەم شتانە قسە بكەین و هیوادارم ئەم وتانەمان بگاتە شوێنێك''.