ھەولێر
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی PKK نیزامەدین تاش لەبارەی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ تورکیا گوتی: "سەردانی بارزانی بۆ دیاربەکر روداوێکی مێژوویی بوو، مرۆڤ بە بینینی وێنەی دیاربەکر لە تەلەفزیۆنەوە گریانی دەھات، ئێستا خەونی کورد بوو بە ڕاستی."
تاش ھەروەھا گوتی: "ئاشکرایە سەردانی بارزانی کاریگەریەکی باشی لەسەر پرۆسەی چارەسەری و کۆتاییھێنان بە شەڕ دەبێ."
نیزامەدین تاش باسی بایەخ و گرنگی ئەو سەردانەی کرد و گوتی: "بارزانی بە جلوبەرگی کوردی چوو بۆ دیاربەرک و بە زمانی کوردی قسەی بۆ خەڵکی دیاربەکر کرد، ئەوە دیمەنێکی مێژوویی بوو. گەر سەیری مێژوو بکەین یەکەم جارە لە دیرۆکی کورد دا روداوێکی وا لە دیاربەکر رووبدا. لە سەردانی دیاربەکر دەرکەوت کە سیاسەتی تورکیا لەبارەی کورد گۆڕاوە و ئیتر ھێڵی سور لە تورکیا نەماوە. جاری یەکەمە سەرۆک وەزیرانی تورکیا ناوی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بھێنێ."
لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەو ئەندامەی پێشووی سەرکردایەتی پەکەکە گوتی: "دیداری بارزانی و ئەردۆغان لە دیاربەکر بۆ پرۆپاگندەی ھەڵبژاردن نەبووە و AK پارتی پێویستی بە پرۆپاگندە لە دیاربەکر نییە، لەکۆنەوە کورد باوەڕی بەوە نەبووە کێشەی کورد لەلایەن سەرۆک وەزیرێکی تورکەوە چارەسەر بکرێ، بەڵام ئێستا ئەو باوەڕە گۆڕاوە و کێشەکەی چارەسەر دەکرێ."
تاش باسی قسەکانی ئەردۆغانی کرد کە بە سیاسەتی خۆی لە تۆرگۆت ئۆزال یش زیاتر رۆشتووە وە گوتبووی پرۆسەی ئاشتی بەردەوام دەبێ، با کەس ئاستەنگ بۆ ئەو پرۆسەسە دروست نەکا، ئەوانەی لە چیا شەڕ دەکەن با بگەڕێنەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری AA لە بارەی گەڕانەوەی بۆ تورکیا، تاش گوتی: "من حەزدەکەم بگەڕێمەوە ناو خزم و کەسی خۆم چونکە لە ساڵآ ١٩٧٩وە لە غەریبی ژیان بەسەردەبەم، ئەگەر پرسی کورد چارەسەر بکرێ منیش دەگەرێمەوە شاری موش کە شوێنی لەدایکبونمە."
لە بارەی ناڕازیبوونی بەدەپە و پەکەکە بۆ ئەو سەردانەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، تاش رایگەیاند: "ھەرچەندە سەردانی بارزانی سودی زۆری بۆ کورد ھەبوو، بەڵام بەدەپە و پەکەکە دژی سەردانەکەی بوون، ئەوان نەیاندەویست بارزانی لەسەر داوای ئەردۆغان سەردانی تورکیا بکا، من ئەوان وەک جەھەپە دەبینم کە ھەمیشە کاردانەوەیان ھەیە. بەدەپە و پەکەکە رەخنەی توندیان لە ھونەرمەند (شڤان پەروەر) گرت، من ئەو رەخنانە رەت دەکەمەوە، گەر ٣٧ ساڵ پێش ئێستا شڤان پەروەر نەچوبا ئەوروپا، ئەویش وەک ھونەرمەند ئەحمەد کایا ی بەسەردەھات کەچی ئێستا پەکەکە بەھەموو ھێزی خۆی بەربەست بۆ شڤان پەروەر دروست دەکا."
لە بارەی ھونەرمەند تاتلیسازیش تاش گوتی: "ھێرشکردنە سەر تالیساز بە دەستڕێژی گوللە خەمباری کردم، دیداری ئیبراھیم و شڤان پەروەر خەیاڵ بوو و ئێستا بوو بەڕاستی و ھەموو کوردی دڵخۆشکرد."
نیزامەدین تاش باسی لە بوێری و ئازایەتی لەیلا زانا کرد کە ھەر لەسەرتای رێوڕەسمەکەدا لەگەڵ سەرۆک وەزیر ئەردۆغان و سەرۆک بارزانی بوو.