Aylin Dal
19 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2021
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی دادگای باڵای دەستووری تورکیا، زوهتو ئارسڵان، نوسەری دادگای بۆ تۆمار کردنی زانیارییەکانی دۆسیەی داواکردنی داخستنی هەدەپە راسپارد.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتون، دۆسیەکە چووەتە قۆناغی لێکۆڵینەوەی دادگاوە و پێویستە نوسەری دادگا دوای یەکەم خوێندنەوە راپۆرتێکی لەبارەوە ئامادە بکات و پێشکەشی لیژنەی دادگای باڵای دەستووری بکات.
دواتر لیژنەکە، یەکەم خوێندنەوە بۆ دۆسیەکە دەکات و لەسەر پەسەندکردن یان پەسەندنەکردنی سکاڵاکە بڕیار دەدات.
ئەگەر سکاڵاکە پەسەند بکرێت ئەوا بۆ بەرگری لە خۆ کردن دۆسیەکە دەنێردرێت بۆ هەدەپە و پێویستە ئەو پارتە لەو ماوەیەدا کە دادگا بۆی دیاری دەکات، بەرگری لە خۆ کردن ئەنجامبدات.
دوای یەکەم بەرگری لە خۆ کردنی هەدەپە، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دادگای باڵای ئەنقەرە، بەکر شاهین کە سکاڵانامەکەی ئامادە کردوە، تێڕوانینە بنچینەییەکانی خۆی دەخاتەڕوو.
دوای کۆتاییهاتنی ئەم قۆناغانە نووسەری دادگا تەواوی بەڵگە و زانیارییەکان کۆدەکاتەوە و لە بارەیەوە راپۆرتێک ئامادە دەکات.
دواتر راپۆرتەکە دەدرێتە ئەندامانی دادگای باڵای دەستووری و سەرۆکی دادگاکە رۆژێک بۆ کۆبوونەوە دیاری دەکات، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی دادگای باڵای دەستووری راوبۆچوونی خۆیان دەربارەی داخستنی هەدەپە دەخەنەڕوو.
داخستن یاخود بڕینی بەشە بوودجەی پارتەکە پێویستی بە بڕیاری ١٠ ئەندام لە کۆی ١٥ ئەندامی لیژنەی دادگای باڵای دەستووری هەیە.
دواتر بڕیارەکە بە هەدەپە رادەگەیندرێت و لە رۆژنامەی فەرمیشدا بڵاودەکرێتەوە.