ئیستانبوڵ
سەرۆکایەتیی باڵی گەنجانی پارتی داد و گەشەپێدان-لقی ئیستانبوڵ، لە ھەڵمەتێکدا بەناونیشانی (با کتێبەکان لە پەرتوکخانە نەمێنن براکانمان بیانخوێنن) ٨٠ ھەزار کتێبی بۆ شارە کوردنشینەکان نارد.
غیاسەدین گەرگین سەرۆکی باڵی گەنجانی پارتی داد و گەشەپێدان لقی ئیستانبوڵ، سەبارەت بە ناردنی کتێبەکان بە ئامانجی دامەزراندنی کتێبخانە لە قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان لە ١١ پارێزگا گوتی "ھیوادارین ئەم ھەڵمەتە ببێتە پاڵپشتێک بۆ ئاشتی".
گەرگین ئاشکرای کرد لە پارێزگاکانی باتمان، چۆلیگ، بەدلیس، دیاربەکر، جۆلەمێرگ، ماردین، مووش، سێرت، شرناخ، دەرسێم و وان، ٣٩ یەکەی کتێبخانە دادەمەزرێن، ھەروەھا گوتی" ئەو کتێبخانانەی لە قوتابخانەکان دایاندەمەزرێنین، لە جیاتی سەردەمێک کە پڕ ئازاری بوو، دەبنە نیشانەی ئاییندەیەکی گەش و پڕ لە ھیوا".
گەرگین گوتی " کتێبخانە زانکۆی راستەقینەی ئەمڕۆن، ئەرکی ھەموو کەسێکە ھەوڵ بۆ ئاشتی و ھێمنی بدا، ئامرازی گواستنەوەی بیروباوەڕ گفتوگۆیە نەک توندوتیژی".
دەستخۆشیشی لەو گەنجانە کرد کە بەشداریی ھەڵمەتەکەیان کردووە.