شرنەخ
لە گوندی بێجوھی سەربە شارۆچکەی قڵەبانی پارێزگای شرنەخ رێکخراوانی کۆمەڵگای مەدەنی کە لە نێویاندا کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، کۆمەڵەی مەزڵووم و چەندین سەندیکای پارێزەران ھەبوو، لەبارەی رووداوەکەی رۆبۆزكێ روونکردنەوەیان بڵاوکردەوە.
شاندێکی ٢٠ کەسی کە بریتیبوون لە سەرۆکی لقەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ و کۆمەڵەی مەزڵووم و چەندین سەندیکای پارێزەران کە لە شارەکانی دیاربەکر، باتمان، شرنەخ، سێرت، وانەوە ھاتبوون و لەلایەن خەڵکی گوندەوە پێشوازییان لێکرا.
ئامادەبووان چوونە گۆرستان و نزایان بۆ ٣٤ قوربانیی رۆبۆسکی کرد، پاشان راجی بیلیجی سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ - لقی دیاربەکر، بەناوی تەواوی ئامادەبووانەوە گوتارێکی خوێندەوە.
بیلیجی دوای ئاماژەدان بە ١٠ی کانوونی یەکەم کە ٦٥ەمین ساڵیادی جاڕنامەی مافی مرۆڤە لەجیھان گوتی: "ویستمان لەم یادەدا لە رۆبۆسکی بین، چونکە رۆبۆزكێ یەکێکە قوربانییانی شەڕی ٣٠ ساڵەی ئەم وڵاتە. دوای چەندین ھەڵمەت و پرۆژە لەپێناو بنەبڕکردنی شەڕو خوێنڕێژی دوو ساڵ پێش ئێستا ٣٤ کەسی دیکە چوونە ریزی قوربانییان." بیلیجی لەبارەی دۆسێی رۆبۆزكێ گوتی: "بکوژانی ٣٤ ھاوڵاتیی ئەم وڵاتە ئێستاش لەلایەن دەوڵەتەوە دەپارێزرێن. حکومەتی ئێستا بەرپرسی یەکەمی ئەو رووداوەیە، چونکە فەرمانی ھێرشی ئاسمانییەکە لەلایەن ئەوەوە دەرچووبوو، کەچی تا ئێستا مافی مافدارانی نەداوە. پێویستە حکومەتی تورکیا بە زووترین کات لێکۆڵینەوەی تەواو لەسەر رووداوەکەی رۆبۆزكێ و گەڤەر بکات."
سەرۆکی سەندیکاکانی پارێزەرانی دیاربەکر تاھیر ئەلچی لەبارەی رووداوەکەی رۆبۆزكێ گوتی: "تەنیا دوو ساڵ لەمەوبەر لێرە مافی مرۆڤ خرایە ژێر پێ، ھەر لێرە ٣٤ کەس کە زۆربەیان منداڵ بوون بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران، بکوژان ھیچ رێزێکیان بۆ مافی ژیان دانەنا. حکومەت لەسەریەتی بەشێوەیەکی خێرا دەست بە لێکۆڵینەوە بکات."