ئەنقەرە
سەركۆماری توركیا عەبدوڵا گول لە میانی دیدارێكی ماڵئاوایی كە لە كۆشكی سەرۆكایەتی ئەنجام درا، لەگەڵ كارسازان، ھونەرمەندان، نووسەران، رۆژنامەنووسان و نوێنەرانی رێكخراوەكانی مەدەنی باسی گۆڕِانكارییەكانی نێو حكومەتی كرد و دوای كۆتایی ھاتنی دیدارەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
گول گوتی: "ھەر چۆن كاتێك بە سەركۆمار ھەڵبژێردرام و شەڕەفی نوێنەرایەتی كردنی خەڵكم پێ بەخشرا، ئەوا ئەمڕۆش ھەر بەو ھەست و سەربەرزییەوە واز لەو پۆستە دەھێنم و رادەستی سەركۆماری نوێی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی دەكەم."
عەبدوڵا گول گوتی: "كۆنگرەی ئاكپارتی رۆژێك پێش رادەستكردنی پۆستی سەركۆماری دەبەسترێ و وادیارە كە وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو پۆستی سەرۆكوەزیران وەردەگرێ و ئەوەی داودئۆغڵوی خستە نێو سیاسەت و كاروباری دەوڵەتەوە من بووم. كاتێك سەرۆكوەزیر بووم داودئۆغڵوم وەكوو باڵیۆز راسپارد و دواتر كاتێك وەزیری دەرەوە بووم بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە گەل من كاریكرد و یەك لەو كەسە شیاوانەیە كە دوای ئێمە دەتوانێ نوێنەرایەتی دۆزەكەمان بكات. بێگۆمان لەو باوەڕەدام كە سەركەوتوو دەبێ و سەركەوتوویی داودئۆغڵو سەركەوتنی توركیایە."
گول جەختی لەوە كردەوە كە "دوای رادەستكردنی پۆستی سەركۆماری لە ئیستەنبوڵ دادەنیشم و نامەوێ جارێ لە ئەنقەرە بم، سەركەوتوویی توركیا ھی ھەموومانە، سەركۆمارەكانی پێشووی توركیا چییان كردووە منیش ھەر وا دەكەم."