Muhammet Ali Kemal
02 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2016
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان سکاڵایەکی قەرەبووکردنەوەی مەعنەوی، بە بڕی ٥٠ هەزار لیرە لەسەر پەرلەمانتاری شاری مووش لە فراکسیۆنی هەدەپە ئەحمەد یڵدرم تۆمار کرد. بەهۆی گوتەکانی ناوبراوەوە کە لە دانیشتنی رۆژی ٢٦ی شوباتی ٢٠١٦دا لە پەرلەمان پێشکەشی کردبوو.
لەو داواكارییەدا كە پارێزەرانی سەركۆماری توركیا پێشكەشی سەرۆكایەتی دادگای مافەكانیان لە ئەنقەرە كردووە، ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە ئەحمەد یڵدرم لە میانی گوتەكانیدا لە دانیشتنی پەرلەمان لە رۆژی ٢٦ی شوباتدا ''ژمارەیەك تۆمەتی ئاراستەی ئەردۆغان كردووە كە دوورن لە راستییەوە و ئامانج لێیان لێدانە لە كەسایەتی و شەرەف و كەرامەتی ناوبراو''.
لە داواكارییەكەدا گوتەكانی یڵدرم نووسراونەتەوە و باس لەوەكراوە کە گوزارشتەكانی هەموو سنوورەكانی ئازادی رادەربڕینیان بەزاندووە.
ئەمە جگە لەوەی كە پارێزەران جەختیان لەوەكردووەتەوە كە گوتەكانی یڵدرم لەپەرلەمان، دژی یاساكانە و مەبەست لێی بچووككردنەوەی ئەردۆغانە لەبەرچاوی كۆمەڵگەدا.
هاوكات لە داواكارییەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە ئەوان وەك پارێزەرانی سەركۆمار داوادەكەن بەهۆی گوتەكانییەوە دژی ئەردۆغان، ئەحمەد یڵدرم بە بڕی ٥٠ هەزار لیرە سزا بدرێت وەك قەرەبوویەكی مەعنەوی بۆ سەركۆمار.