سەباحەت تونجەل، سەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە لە لایەن دادگای تورکیا، بە تاوانی "ئەندام لە رێکخراوی تیرۆریستی و ئاژاوەگێڕی" سزای هەشت ساڵ و نۆ مانگ زیندانی بۆ بڕایەوە.
تونجەل تانەی لەو بڕیارەی دادگا دا و بە بڕیارێکی سیاسی وەسفی کرد و گوتی ساڵانێکە دادگا لە تورکیا، بۆتە ڕێگر لە بەردەم سیاسەتێکی دیموکراتیانەدا.
تونجەل لەکاتی گەڕانەوەی بۆ شاری ئیستەنبوڵ لە فڕۆکەخانەی شارەکە وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە.
تونجەل گوتی: "دادگا بریارێکی سیاسی دەركردووە، بەڕاستی دادگا بۆتە رێگرێک لە بەردەم سیاسەتی دیموکراتیانە لە تورکیادا. ئێستا کۆمەڵگەی تورکیا چاوەڕێی هەنگاوی دیموکراسییانە دەکا بەتایبەت کاتێ لەگەرمەی هەوڵەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد دا جەماوەر چاوەڕێی ئازادکردنی گیراوە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران دەکا، کەچی دادگا دێت و تەواو بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان کار دەکا و دۆسێی دادگایی کردنەکە خێراتر دەکا. ئەمە پەیامێکی سیاسییە، لە وڵاتان دادگا دەست وەرناداتە سیاسەتەوە ، بەڵام بەداخەوە لە وڵاتی ئێمەدا سیاسەت بەدەستی دادگاوە بەرێوە دەچێ."
لەوەڵامی پرسیاری یەکێ لە ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە هەڵوێستی پەرلەمان و زیندانیکردنی، تونجەل گوتی: "ئێستا تۆپ لە قاچی پەرلەماندایە، ئەگەر بێتو بڕیارەکە لە پەرلەمان بخوێنرێتەوە ئەوا رێگای پەرلەمانمان لێ قەدەغە دەکرێ و ڕێگای زیندان دەکرێتەوە بەڕووماندا، بەڵام دەبێ ئەوەش لێکبدرێتەوە ئەو کارە چ قەیرانێکی سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێ. ئێمە تا حەفتەیەک لەمەوبەر لەناو پەرلەمان لەمانگرتندا بووین بۆ ئازادکردنی پەرلەمانتارانی تر،کاتێک مستەفا باڵبای ئازاد کردا ،داوامان کرد پەرلەمانتارانی دیکە ئازاد بکرێن بە پێی دادگای دەستور هیچ شتێکی ترمان داوا نەکردووە، بەم بڕیارە تازەیە دادگای باڵا دەیەوێ پەیام بداتە دادگای دەستوورییکە ئێوە هەرچەندە بشڵێن دەستتان وەرداوەتە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک بەڵام ئێمە ئەوە دەکەین کە دەیزانین."
تونجەل ئاشکراشی کرد کە تا ئێستا هیج یەکێک لە بەرپرسانی حکومەت پەیواندیان پێوە نەکردووە لە بارەی بڕیاری زیندانی کردنەکەی و وتیشی کە وابزانم هیچ رونکردنەوەیەکیش لەلایەن حکومەتەوە نەدراوە. هەروەک نەشی شاردەوە کە چاوەڕوانی روونکردنەوەن لە حکومەت.
تونجەل نەیشاردەوە، بڕیارەکەی دادگای باڵا و هاوکات ئۆپەراسیۆنەکانی گەندەڵی لە ئیستەنبوڵ زۆر واتادارە و رایگەیاند: بڕیارەکەی دادگای باڵای تورکیا دەباتە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و لە ناوخۆی تورکیاشدا دەیباتە دادگای تەمیز.