ترابزۆن
سۆیڵو كە باسی لە رووداوەكانی ئەم دواییە، لەسەرووی هەمووشیانەوە رووداوەكانی سروج، ئادیامان و سەرێ كانی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو كرد، ئاماژەی بەوەكرد كە هەوڵدەدرێت توركیا بەرەو نێو پێچاوپێچەكانی تیرۆر و توندوتیژی پەلكێش بكرێت.
سۆیڵو ئاماژەی بەوەكرد توركیا وەك دوورگەی ئاشتی و ئارامی ناوزەند دەكرێت و گوتی:" بەتایبەت هەوڵ دەدەن توركیا كە وەك دوورگەی ئارامی و دوورگەی ئاشتی ناوزەند دەكرێت و هەموو جیهان لەسەر ئەمە هاوڕایە كە توركیا وڵاتێكی لەو جۆرەیە، هەوڵدەدەن توركیا لەوە دووربخەنەوە كە تێیدایە. بۆ ئەمەش هۆكارگەلێكی زۆریان خستووەتە گەڕ و هەوڵ دەدەن توركیا كە زۆرترین گرنگی بە ئاشتی و ئارامی دەدات، لەو دوو شتە دووری بخەنەوە''.
سۆیڵو جەختی لەوەكردەوە كە رووداوە ناخۆشەكانی ئادیامان و سەرێ كانی ئازار داون و باسی لەوە كرد كەسانێك هەن كە دەیانەوێت لە رووی سیاسییەوە سوود لەو بابەتانە وەربگرن و گوتی: ''كەسانێك هەن كە دەیانەوێت ئەمە لە بەرژەوەندی خۆیان بەكاربهێنن. دەیانەوێت سوودی سیاسی لێ ببینن. لە قۆناغێكداین كە كۆمەڵگە و میللەتەكەمان پێویست بە زۆرترین وریایی، یەكێتی و یەكگرتوویی هەیە كە بەداخەوە هێشتا سەڵاحەدین دەمیرتاش و بەرپرسانی هەدەپە وەك كاتی هەڵبژاردن بەردەوامن لە نیشاندانی درۆ و هەڵوێستی ئاژاوەگێڕی. دەیانەوێت لێرە پلانێك هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ بكەن و لەكاتی جێبەجێكردنی ئەو پلانەشدا ئەگەر پێویست بوو ئەوا حكوومەت یان ئاك پارتی بەشێوەیەكی زۆر بێ ئەخلاقانە دەكەنە ئامانج. قبووڵكردنی ئەمە لەلایەن ئێمەوە ناپاكییە بەرامبەر بەم وڵاتە، كاتێك گازندە لە دەوڵەتی كۆماری توركیا لەرێگەی درۆگەلێكی بێ بنەماوە دەكرێت و تاوانبار دەكرێت. هیچ كەسێك هیوا بەوە نەخوازێت كە ئێمە لەو بارەیەوە پاشكەكشە دەكەین''.
سۆیڵو رایگەیاند كە وەڵامی ئەوان بۆ ئەو كەسانەی هەوڵدەدەن سیاسەت لەسەر ئەو ئازارانە بكەن كە ماوەی دوو رۆژە توركیای تێدایە، نەرم نابێت و گوتی: ''ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر بەوەی كێشەكان لەیەكتری جیابكەینەوە. بەدڵنیاییەوە ئەو گوزارشتە گرنگە كە لەیەك رۆژی سەرهەڵدانی ئەو رووداوانەوە بڵێیت 'ئێمە هێزی ئەمنی تایبەت بە خۆمان درووست دەكەین، خۆمان ئاسایش بۆ خۆمان دابین دەكەین'، دواتر كە كاردانەوەكان درووست دەبن داوای لێبوردن نەكەیت و وەك ئەوەی خۆت ئەمەت نەگووتبێت، وەكو ئەوەی ئێمە ئەمەمان بۆ درووستكردبێت، تاوانبارمان دەكەن، ئەمە كەمتەرخەمی سەڵاحەدین دەمیرتاشە. دەمیرتاش یەكێكە لەوانەی كە هەوڵی دابەشكردنی كۆمەڵگەكەمان، شێواندنی خۆشگوزەرانی و ئارامی میللەتەكەمان، برایەتی تورك و كورد و هەوڵی لەناوبردنی یاسا دەدات. بەداخەوە هەوڵ دەدەم بڵێم كە یەكێكە لە لەناوبەرانی ئاشتی، یەكێكە لە لەناوبەرانی یەكێتی و ئارامی. سیاسەتی تورك لە مێژووی نوێدا كەسێكی هێندە هەلپەرستی بەخۆیەوە نەبینیوە''.
سۆیڵو باسی لەوەكرد ئەوان دەزانن كە لەبەرامبەر ئەو رووداوانەدا كە روویان داوە دەویسترێت توركیا بگەیەنرێتە چ دۆخێك و گوتی: ''ئێمە دەزانین كە كێن ئەوانەی هەوڵ دەدەن سوودمەند بن لەم نائارامییەی لە توركیادا هاتووەتە ئاراوە. پارتێكی سیاسی لە توركیا كە نوێنەری لە پەرلەمان هەیە، هەموو گوتەبێژێكیان روونكردنەوەكانی ئەوەندە نەرێنی بێت، ئەوا ئەمە ئێمە بەرەو دڵەڕاوكێ دەبات. دەمەوێت ئەوە بەڕوونی بڵێم كە سەڵاحەدین دەمیرتاش ئەوەی لەدەستی بێت دەیكات بۆ ئەوەی ئەو یەكێتییە نیشتمانی و برایەتییەی كە توركیا ماوەیەكی دوور و درێژە بەردەوامی پێدەدات و بە وریاییەكی زۆرەوە پارێزگاری لێدەكات، لەناوی بەرێت. ئەوانەی كە رەونەق بە سەڵاحەدین دەمیرتاش دەدەن و دەیدرەوشێننەوە، نایانەوێت رووی ئەمڕۆی نیشان بدەن و بێدەنگیان لێكردووە''.
سۆیڵو رەخنەی لە سەڵاحەدین دەمیرتاش گرت و گوتی: ''سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوشێوەی رووداوەكانی شەش و حەوتی تشرینی یەكەمی رابردوو واتە بێ ئەوەی حساب بۆ رۆحی مرۆڤەكان بكات، كەسێكە كە ئەو پرۆژەیەی دراوەتە دەستی هەوڵی جێبەجێكردنی دەدات و كەسێكە كە كۆتایی بە ئاشتی دەهێنێت، لەبەرامبەر كەسێكداین كە كۆتایی بە برایەتی دەهێنێت. ئەوەی جێگەی باسە ئەو بیركردنەوەیەیە كە لەهەموو روونكردنەوەكانیدا ئاژاوەگێڕانە، لەهەموو روونكردنەوەكانیدا كۆمەڵگە لەیەكتری جیادەكاتەوە و لە هەموو روونكردنەوەكانیدا یەكپارچەیی كۆمەڵگە دەشێوێنێت. واتە وەك نوێنەرانی پارتی ئاپۆچی بەداخەوە تا ئەمڕۆ هەوڵی رێگریكردن دەدات لەو یەكێتی و پێكەوەژیانەی كە هەموو كەسێك لەنێو كۆمەڵگەدا قبووڵی كردووە. میللەت بە دەست قەندیل، یان پەكەكە و كەجەكەوە ماندوو بووە. واتە زۆرلێكردنیان و تێپەڕاندنی سنووری ئارامییان هیچ مانایەكی نییە''.